نهێنییەکانی ژنێک و دەسترێژی گوللە؛ وردەکاریی هێرشەکەی سەر ئێن ئاڕ تی
١٤ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٣٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەک لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "پەنجەرە" ڕایگەیاند: "تەقە کرنی شەوی ڕابردوو لە باڵەخانەی کەناڵەکە، پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکارییەوە هەبووە لەسەر پرسی خەتەنەکردنی مێینە."
سەرچاوەکە وردەکاری زیاتری ئاشکرا کرد و وتی: ستافێکی کەناڵەکە، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ پرسی خەتەنەکردنی کچان و ژنان، لە ڕێگەی کامێرای نهێنییەوە سەردانی یەکێک لەو ژنانەیان کردووە کە کارەکە ئەنجام دەدات. لەو چاوپێکەوتنەدا، ژنەکە سەرجەم نهێنییەکانی چۆنیەتی ئەنجامدانی خەتەنەکردن و وردەکارییەکانی بۆ ستافەکە درکاندووە."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە کاردانەوەی کەسوکاری ئەو ژنە بەرامبەر بە بڵاوبوونەوە یان ئامادەکردنی ئەو زانیارییانە، بووەتە هۆی ئەوەی سێ کەس لە کەسوکاری ناوبراو پەنا ببەنە بەر بەکارهێنانی چەک و تەقەکردن لە باڵەخانەی کەناڵەکە.
لە کۆتایی لێدوانەکەدا، سەرچاوەکەی ئێن ئاڕ تی جەختی کردەوە کە هێزە ئەمنییەکان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و توانراوە هەر سێ تۆمەتبارەکە دەستگیر بکرێن و ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.