نوری مالکی: نابێت سودانی و عەبادیی ببن بە سەرۆک وەزیران

١٤ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:١٤ پاش نیوەڕۆ

نوری مالکی: نابێت سودانی و عەبادیی ببن بە سەرۆک وەزیران

پەنجەرە

"مەدام من نابم، نابێت سودانی و عەبادیی ببن بە سەرۆک وەزیرانی داهاتوو". ئەمە پوختەی قسە و داواکاریی نوری مالکییە لە چوارچێوەی هەماهەنگیی، لەبەرامبەر کشانەوەی لە کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران.

لەکاتێکدا کەمتر لە دوو هەفتەیان ماوە بۆ دیارییکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان تائێستا نەیتوانیوە بگات بە بڕیارێک.

بەپێی زانیارییەکان، هیچ چانسێکی مالکی نەماوە، کەچی خۆیشی پاشەکشەناکات و دەڵێت دەبێت چوارچێوەی هەماهەنگیی ئەو بڕیارە بدات، چونکە پێشتر هەر ئەو بڕیاری کاندیدکردنی داوە.

چوارچێوەی هەماهەنگییش نایەوێت ڕایبگەیەنێت کە مالکی کشاندووەتەوە لە کاندیدبوون، بەوهۆیەی نایەوێت وادەرکەوێت کە لەبەردەم فشارەکانی ئەمەریکا چۆکی داداوە.

سەرباری ئەوەی مالکی کراوەتە دەرەوەی کێبڕکێکە، بەڵام هێشتا کاندیدێک دیاریینەکراوە. لەئێستادا زۆر ناوی سودانی و عەبادیی و بەدریی دێت بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.

بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان، مالکی بە توندی دژی دانانەوەی سودانی و عەبادییە و وتویەتی مەدام رێگە بە من نادرێت، ئەوا دەبێت رێگە بە سەرۆک وەزیرانەکانی پێشوش نەدرێت و کاندیدێکی نوێ دابنرێت.

بەڵام سەرباری ئەوەش چوارچێوەی هەماهەنگی نەیتوانیوە ئەو بڕیارە بدات، ئەگەرچی چانسی سودانی زیاترە بە دووبارە دانانەوەی.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو