ڕێبەرێک لە پشت پەردەوە؛ وردەکاریی نوێ دەربارەی دۆخی تەندروستی موجتەبا خامنەیی

١١ نیسان ٢٠٢٦ - ٩:٤٥ پاش نیوەڕۆ

ڕێبەرێک لە پشت پەردەوە؛ وردەکاریی نوێ دەربارەی دۆخی تەندروستی موجتەبا خامنەیی

پەنجەرە

ئاژانسی هەواڵی "ڕۆیتەرز" لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا پەردە لەسەر چارەنووس و دۆخی ئێستای موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران لادەبات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، خامنەیی کە ئێستا لە لوتکەی دەسەڵاتدایە، بە جەستەیەکی بریندار، بەڵام بە هۆش و عەقڵێکی تەواوەوە وڵات بەڕێوەدەبات.

برینە قووڵەکانی جەنگ

سێ سەرچاوەی نزیک لە بازنەی بڕیاردانی ناوخۆیی ڕێبەری نوێ بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، موجتەبا خامنەیی بەدەست شوێنەواری برینێکی سەختەوە دەناڵێنێت کە لە ئەنجامی ئەو هێرشە ئاسمانییەی لە سەرەتای جەنگدا کرایە سەر کۆمەڵگەی ڕێبەری باڵا لە ناوەڕاستی تاران، تووشی بووە؛ هەمان ئەو هێرشەی کە بووە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی باوکی.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە هێرشەکە زیانی زۆری بە جەستەی موجتەبا گەیاندووە، بە جۆرێک کە دەموچاوی بە سەختی شێواوە و لە هەردوو قاچیدا تووشی پێکانێکی قورس بووە، ئەمەش وایکردووە لە ڕووی جەستەییەوە دوور بکەوێتەوە لە چاوی کامێراکان و دەرکەوتنی گشتی.

فەرمانڕەوایی لە ڕێگەی دەنگەوە

سەرەڕای ئەو تێکچوونە جەستەییە، سەرچاوەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە موجتەبا خامنەیی هێشتا "تیژیی ژیری و هۆشیارییەکی تەواوی" هەیە. ئەو بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی باڵا، پشت بە تەکنەلۆژیای پەیوەندی دەنگی دەبەستێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ڕێبەری نوێ لە ڕێگەی "پەیوەندی دەنگییەوە" سەرپەرشتی کۆبوونەوە گرنگەکان دەکات و ڕێنمایی دەردەکات.

سەرچاوەکان هەروەها دەڵێن: "ئەو بەشدارییەکی سەرەکی و کارا دەکات لە بڕیاردان لەسەر کێشە گەورەکان، لەوانە بەڕێوەبردنی بەرەکانی جەنگ و دۆسیەی ئاڵۆزی دانوستاندنەکان لەگەڵ واشنتۆن."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو