محەمەد ئەمین پێنجوێنی بۆ پەنجەرە: ئەو پیلانەی ناوەڕۆکەکەیم بڵاو کردەوە بەشێکی زانیاری و بەشەکەی تری شیکاری بوو لەسەر بنەمای زانیارییەکان
١٤ شوبات ٢٠٢٦ - ٣:٢٩ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەبارەی ئەو زانیارییەی بڵاویکردەوە گوایە پیلان دانراوە بۆ گێڕانەوەی دەسەڵاتی عێراق بۆ سونە و سەرکردەیەکی سەربازی کوردیش بەشێکە لە پیلانەکە، محەمەد ئەمین پێنجوێنی سیاسەتمەداری کورد، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەوە بەشێکی زانیارییە وەرمگرتووە، بەشەکەی تریشی شیکارییە لەسەر بنەمای زانیارییەکە.
پێشتر پەنجەرە لەزاری محەمە ئەمین پێنجوێنییەوە بڵاویکردەوە، پیلان دانراوە بۆ گێڕانەوەی بەعسی و گروپە ئیسلامییەکان بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵات لە عێراق، کورد لەرێگەی هۆزە عەرەبەکانی موسڵ و دیالە و تکریتەوە ئاگاداری پیلانەکەیە، سەرکردەیەکی سەربازی باشوریش بەشدارە لەم پیلانەدا و کاروباری لۆجستی و هەواڵگیری پێسپێردراوە، تورکیاش دەیەوێت لەمڕێگەیەوە دۆزی کورد بەتەواوەتی بپوکێنێتەوە.
محەمەد ئەمین پێنجوێنی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: تورکیا یەک لەسەر چواری خاکی هەرێمی کوردستانی داگیرکردووە و سەربازگەی لێداناوە، پلانی دوور مەوداشی ئەوەیە هەرێم بچوک بکاتەوە بۆ ئەو ئاستەی تەنها لەشارەکاندا خۆبەڕێوەبەری هەبێت، نەک وەک ئەوەی ئێستا کە خاوەن دەسەڵات و هێزە و ٣٠ وڵاتی گەورە کونسوڵخانەی لە هەولێر هەیە.
دەشڵێت: تورکیا دەیەوێت هەرێمێکی لاواز هەبێت نەک هەرێمەکە هەر نەمێنێت، بۆ ئەوەی چالاکی هەواڵگیری و ئۆپەراسیۆنەکانی بەردەوامی پێبدات.