سیاسەتمەدارێکی کورد: پیلان دانراوە بۆ گێڕانەوەی دەسەڵاتی عێراق بۆ سونە و سەرکردەیەکی سەربازی کوردیش بەشێکە لە پیلانەکە
١٣ شوبات ٢٠٢٦ - ٨:٠٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سیاسەتمەدارێکی کورد ئاماژە بەوەدەکات، پیلان دانراوە بۆ گێڕانەوەی دەسەڵات بۆ ئیسلامییە توندڕەوەکان و سونە لە عێراق دا، تورکیا و بەرپرسانی پێشووی بەعس بەشدارن لە پیلانەکەدا و ئەحمەد شەرع و ئەسعەد شەیبانیش جێبەجێکارن.
محەمەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتمەداری کورد رایدەگەیەنێت، ئەمەریکا دەیەوێت لەرێگەی ئەو پیلانەوە دەسەڵات لەعێراق بگۆڕێت، ئەمە بەگونجاوتر دەزانێت لە هێرشی ئاسمانی و بەئامانج گرتنی حەشدی شەعبی.
دەشڵێت: کورد لەرێگەی هۆزە عەرەبەکانی موسڵ و دیالە و تکریتەوە ئاگاداری پیلانەکەیە، سەرکردەیەکی سەربازی باشوریش بەشدارە لەم پیلانەدا و کاروباری لۆجستی و هەواڵگیری پێسپێردراوە، تورکیاش دەیەوێت لەمڕێگەیەوە دۆزی کورد بەتەواوەتی بپوکێنێتەوە.
جەختیشیکردەوە: ئەگەر ئەو بەرپرسە سەربازییەی باشور بەشدار بێت لەو پیلانەدا هەرێم بەدەر نابێت لە کێشە، بۆیە پرسیاری ئەوە دروستبووە ئایا سەرکردەکانی کورد ئامادەکارییان کردووە بۆ ئەگەری روودانی ئەم کارەساتە؟