ڤیتۆی پارتی لەسەر هەندێک پۆست مەترسی لەسەر ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان بارزانی و تاڵەبانی دروست دەکات
١٢ شوبات ٢٠٢٦ - ٢:٢٩ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
پارتی دیموکراتی کوردستان هێڵی سوری لەسەر ژمارەیەک پۆستی گرنگ و هەستیاری حکومەتی هەرێم داناوە و ئامادە نییە هیچکام لەو پۆستانە بە یەکێتی بدات، ئەمەش مەترسی ئەوەی دروستکردووە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان بارزانی و تاڵەبانی بێ ئەنجام بێت.
پۆستەکانی سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەت، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش، وەزیری ناوخۆ، وەزیری سامانە سروشتییەکان و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئەو پۆستانەن پارتی هێڵی سوری لەسەر داناون، لەکاتێکدا یەکێتی پێداگیرە لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی ناوخۆ.
لەکۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی رابردوودا، مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی رێکنەکەوتن، بەڵام لێکتێگەیشتن لەنێوانیان دروستبوو.
بافڵ تاڵەبانی بە بارزانی وتبوو: با بەیەک کاندیدەوە بچینە نێو هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆک کۆمار، نزار ئامێدی دەنێرینە لات و وەکو کاندیدی کورد دەیناسێنین.
زانیارییەکانی پەنجەرە ئاماژە بەوەدەکەن، دواتر هاوکێشەکان گۆڕان و مەترسی لەسەر نزیکبوونەوەی نێوانیان دروستبوو، دوای ئەوەی مەسرور بارزانی قسەی لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆمارەوە لە میدیا کرد.
بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، نزیکبوونەوە لەنێوان پارتی و یەکێتی هەیە، بەڵام ئەو مەترسییەش لەئارادایە ڤیتۆی مەسرور بارزانی لەسەر پۆستە گرنگەکانی هەرێم ببێتە هۆی بێئەنجام بوونی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی.