ئەو کاڵا و شمەکانە کامانەن کە زیادکردنی گومرگ دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانیان؟
٩ شوبات ٢٠٢٦ - ٣:٠٥ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئەندامێکی تۆڕی ئابووریناسانی عێراق دەڵێت، زیادکردنی باج وگومرگ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی هەندێک کاڵاوشمەک دەبێت، بەڵام لەسەر خۆراک و هەندێک ماددەی تر کاریگەری زۆر نابێت.
محەمەد حسێن، ئەندامی تۆڕی ئابووریناسانی عێراق، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: زیادکردنی باج و گومرگ لەلایەن عێراقەوە کاریگەری لەسەر نرخی کانزاکان و پێداویستییەکانی جوانکاری و ئۆتۆمبێل و ئاسن و ئەلەمنیۆن دەبێت و نرخەکانیان بەرز دەکاتەوە.
دەشڵێت: زیادکردنی گومرگ کاریگەری ئەوتۆی لەسەر خۆراک و دەرمان و پێداویستی پزیشکی نابێت، چونکە گومرگ لەسەر ئەم بابەتانە زیاد نەکراوە.
ماوەی چەند رۆژێکە ناڕەزایەتی بەغدای پایتەختی عێراقی گرتووەتەوە و بەشێک لە بازرگان و کاسبکاران، دوکان و شوێنکارەکانیان بەهۆی زیادکردنی گومرگەوە داخست.
محەمەد حسێن دەڵێت: بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت داهات رەنگە بەشی موچە و پێداویستییە گرنگەکانی حکومەت نەکات، بۆیە زیادکردنی گومرگ پەیوەندی بەو قەیرانە داراییەوە هەیە کە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە بەرۆکی عێراقی گرتووە.