باقر جەبر زوبەیدی: دەستبەرداربوونی واشنتۆن لە "هەسەدە" وانەیەکی سەختە بۆ هەموو کورد

٥ شوبات ٢٠٢٦ - ٢:٣٩ پێش نیوەڕۆ

باقر جەبر زوبەیدی: دەستبەرداربوونی واشنتۆن لە "هەسەدە" وانەیەکی سەختە بۆ هەموو کورد

پەنجەرە

باقر جەبر زوبەیدی، وەزیری پێشووتری ناوخۆی عێراق و سیاسەتمەداری دیاری شیعە، لە شیکارییەکدا دەڵێت بڕیاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ دەستبەرداربوون لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە سووریا، "جێگەی سەرسوڕمان نییە" و پێشیوایە وانەیەکە بۆ هەموو کورد.

زوبەیدی ئاماژەی بەوە کردووە کە کارتی ئابووری هۆکاری سەرەکیی کۆتاییهاتنی پشتگیرییەکانی ئەمریکا بووە بۆ کوردانی سووریا. بەپێی زانیارییەکانی ناوبراو، لە کۆبوونەوەی پاریسدا، حکوومەتەکەی جۆڵانی بەڵێنی داوە بیرە نەوتەکانی ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕادەستی کۆمپانیا ئەمریکییەکان (لە سەرووشیانەوە شیفرۆن) بکات و لە کۆمپانیای "شێڵ"ـی بەریتانییان بسەنێتەوە. 

زوبەیدی ئەم هەنگاوە وەک "سزایەکی ئەمریکا بۆ بەریتانیا" وەسف دەکات بەهۆی هەڵوێستەکانی لەسەر دۆسیەی گرینلاند.

ئەو سیاسەتمەدارە عێراقییە دەڵێت: "ئیدارەی ترەمپ بە مەبەستی کەمکردنەوەی خەرجییە دەرەکییەکان، هەسەدەی وەک بارگرانییەکی دارایی بینیوە."

هەروەها ئاشکرای کرد کە تورکیا نێوەندگیریی کردووە بۆ قەناعەتپێکردنی ئەمریکا کە ئەحمەد شەرع تەنها بەدوای "دانپێدانان و شەرعییەت"دا دەگەڕێت و ئامادەیە سەرجەم سەروەت و سامانە سروشتییەکان ڕادەستی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بکات لە بەرامبەر مانەوەی لە دەسەڵاتدا.

لەکۆتایی لێدوانەکەیدا، باقر جەبر زوبەیدی جەختدەکاتەوە کە دەستبەرداربوونی ئەمریکا لە کورد و ڕادەستکردنیان بە هێزە توندڕەوەکان، "وانەیەکی زۆر سەختە" کە پێویستە هەموو کوردانی ناوچەکە لێیەوە فێرببن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو