دکتۆر محەمەد رەسوڵی مەردۆخی چۆن کوژرا؟
٤ شوبات ٢٠٢٦ - ١:٥٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە، کامەران عوسمان
لەدوای بانگەوازی ژمارەیەک حزبی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ مانگرتنی سەرتاسەری و دەربڕینی ناڕەزایەتی جەماوەری، لە ڕۆژی ٧ی کانوونی دووەمدا، پارێزەر (دکتۆر محەمەد ڕەسوڵی مەردۆخی -تەمەن ٤٥ ساڵ) کە خەڵکی شاری سنەیە و لە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دادەنیشێت، پەیامێکی کراوە بۆ عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەنێرێت و بە زمانێکی پڕ لە ڕێز و بەرزەوە خراپی دۆخی خەڵک ڕوون دەکاتەوە. لەسەر مافی دەربڕینی ناڕەزایەتی هەڵوەستە دەکات و داوای ڕاگرتنی توندوتیژی و کۆتاییهێنان بە سەرکوتکردنی خەڵکی ناڕازی دەکات.
چەند کاتژمێرێک لە دوای بڵاووبونەوەی پەیامەکەی لەسەر پلاتفۆرمی ئینستاگرام، کۆمەڵێک چەکدار لەماڵەکەی خۆیدا، دکتۆر محەمەد ڕەسوڵ دەستگیردەکەن و دەیبەن بۆ ژێر زەمینی پڕۆژەیەکی گەشتیاری لە نزیک دەریاچەی زرێبار. دوای لێدان و ئەشکەنجەی زۆر، قاچ و دەست و سەری دکتۆر محەمەد دەشکێت و تووشی خوێن بەربوونی ناوەکی دەبێت. دواتر لە کەنارێکی دەریاچەی زرێبار فڕێدەدرێت. پاش ئەوەی کە بە بێهۆشی دەدۆزرێتەوە و دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە، لەدوای ٢ کاتژمێر و ٤٥ خولەک مانەوە لە نەخۆشخانە، دکتۆر مەردۆخی گیان دەسپێرێت.
ژمارەی قوربانییانی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئەم جارەی ئێران بەتەواوەتی ڕوون نیە و زانیاری دروست بەردەست نین. بەڵام بە گوێرەی هەندێک سەرچاوە، نزیکەی (٥٢،٠٠٠) هاووڵاتی و خۆپێشاندەر لە ماوەی ٣٨ ڕۆژی ڕابردوودا کوژراون.