درووزەکان هێڵی سوریان بەزاند؛ ئایا لە دوای کورد دیمەشق ئاراستەی چەکەکانی روو لەوان دەکات؟

١ شوبات ٢٠٢٦ - ٧:٣٣ پاش نیوەڕۆ

درووزەکان هێڵی سوریان بەزاند؛ ئایا لە دوای کورد دیمەشق ئاراستەی چەکەکانی روو لەوان دەکات؟

پەنجەرە

لەژێر وێنەی “بونیامین نەتەنیاهۆ” ی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و رابەرە رۆحییە ئاینییەکانیاندا، خۆپیشاندەران داوای مافی چارەی خۆنوسینیان دەکرد، شوێنی خۆپیشاندانەکەش شاری سوەیدای سوری درووزنیشین بوو.

درووزەکان لە خۆپیشاندانەکەی دوێنێ شەممەدا، تەنها بە بەرزکردنەوەی وێنەی نەتەنیاهۆوە نەوەستان، بەڵکو لەوە زیاتریش هەنگاویان ناو ئاڵای ئیسرائیلیشیان هەڵکرد، ئەمەش بەزاندنی ئەو هێڵەیە کەبەلای دیمەشق و گروپە چەکدارە سورییەکانەوە هێڵی سورە.


لەنێوان بێدەنگی دیمەشق و کاردانەوەی شەقامی عەرەبیدا

حکومەتی دیمەشق بێدەنگی هەڵبژارد، بەڵام میدیا و شەقامی عەرەبی سوری بەچین و توێژە جیاجیاکانەوە، هەریەک لە “حیکمەت هیجری” رابەری ئاینی و کۆمەڵایەتی درووز لە سوەیدا و “موەفەق تەریف”سەرۆکی تایەفەی درووز لە ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن بە جوڵاندنی درووزەکان و ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکەی سوەیدا.

هەرچەندە حکومەتی دیمەشق بێدەنگی بەرامبەر هەڵکردنی ئاڵای ئیسرائیل و بەرزکردنەوەی وێنەی نەتەنیاهۆ هەڵبژارد، بەڵام “سلێمان عەبدولباقی” بەڕێوەبەری ئاسایشی سوەیدا هۆشداریدا و لە پۆستێکدا نوسی” ئامۆژگاری بۆ وشترەکان”.

سلێمان عەبدولباقی بەڕێوەبەری ئاسایشی سوەیدا کە هەڕەشەی لە خۆپیشاندەرانی شارەکەی کرد، خۆی کەسێکی درووزە و پێشتر سەرکردە بووە لە گردبوونەوەی “ احرار الجبل العرب”، بەڵام دوای رووخانی ئەسەد پاڵپشتی بۆ شەرع راگەیاندووە و پۆستەکەی پێدراوە.

ئەم بەرپرسە ئەمنییە درووزە کە لەسەر حکومەتی دیمەشق هەڕەشە لە تایەفەکەی دەکات، وێنەیەکی لە ئەمەریکاوە و لەبەردەم کۆشکی سپیدا  بە ئاڵای نوێی سوریاوە بڵاو کردووەتەوە.

سلێمان عەبدولباقی، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەکەیدا نوسیویەتی: لەسەردانەکەمدا بۆ ئەمەریکا، زنجیرەیەک کۆبوونەوەم لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرس و سینات ئەنجامدا، باسمان لە دۆخی سوەیدا و قورخکاری لە شارەکە کرد. باسیشمان لە پێشێلکاری چەتەکان و میلیشیاکانی حیکمەت هیجری کرد.

هەروەها نوسیویەتی: مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەرم بۆ سینات و کۆنگرس خستەڕوو کە لایەنگرانی هیجری پێی هەڵدەستن، بۆیە ئەنجامی سەردانەکە شۆکهێنەر دەبێت بۆ باندەکانی حیکمەت هیجری.


کاردانەوەی دیمەشق چی دەبێت؟

درووزەکان بە هەڵکردنی ئاڵای ئیسرائیل و بەرزکردنەوەی وێنەی نەتەنیاهۆ ئەو هێڵە سورەیان بەزاند کە بەلای دیمەشقەوە بانگەشەی قەبوڵ نەکردنی دەکرێت، بۆیە ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە ئایا دوای کورد دیمەشق ڕووی چەکەکانی لەوان دەکات، یان لەترسی پاڵپشتی ئیسرائیل بێدەنگی هەڵدەبژێرێت؟


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو