کاندیدانی هەسەدە؛ لەنێوان هێرش و رەتکردنەوەدا
١ شوبات ٢٠٢٦ - ١٢:٤٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەگەڵ ئاشکرابوونی ناوی کاندیدی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ پۆستە ئەمنی و ئیدارییەکانی سوریا، لەلایەن سۆشیال میدیای سەر بە گروپە چەکدارە سورییەکانەوە هێرش بۆ سەر کاندیدەکان دەستیپێکرد.
سۆشیال میدیای گروپە چەکدارە سورییەکان هێرش دەکەنە سەر کاندیدەکانی هەسەدە و بەئەندامێتی پەکەکە تۆمەتباریان دەکەن، ئەمە جگە لەوەی چەندین تۆمەتی مەترسیداری تریشیان داوەتە پاڵیان.
نورەدین عیسا
نورەدین ئەحمەد عیسا، کاندیدی هەسەدە بۆ پارێزگاری حەسەکە، لەلایەن گروپە چەکدارە سورییەکانەوە چەندین تۆمەتی دراوەتە پاڵ و داوای رەتکردنەوەی لە حکومەتەکەی شەرع کراوە.
نورەدین ئەحمەد، تۆمەتی پێشێلکاری ئەمنیی بەرامبەر خەڵکی سڤیل ئەوکاتەی بەڕێوەبەری یەکێک لە گرتووخانەکان بووە، هەروەها تۆمەتی سەرکوتکاریی و رووخاندنی گوندی عەرەبنیشینی دراوەتە پاڵ.
گروپە چەکدارەکان بەو تۆمەتانەوە نەوەستاون، بەڵکو تۆمەتی کۆمەڵکوژی لەدژی عەرەب لە تەل حەمیس و تەل بەراک، کوشتن و رفاندن و ئەندامێتی پەکەکەشیان داوەتە پاڵ نوری عیسا.
بەدران چیا
دوای ئەوەی “بەدران چیا” لەلایەن هەسەدەوە بۆ جێگری وەزیری بەرگری سوریا کاندیدکرا، سۆشیال میدیای سەر بە گروپە چەکدارە سورییەکان هێرشیان بۆ سەر ناوبراو دەستپێکرد.
بەدران چیا بەکەسایەتییەکی ئایدۆلۆژی سەرسەخت و سەرکردەی باڵای پەکەکە، هەروەها بە نزیک لە جەمیل بایک تۆمەتبار کراوە، ئەمە جگە لەوەی رەخنەی ئەوەشی لێگیراوە کەسایەتییەکی سەربازی هەیە و بەرگی دیپلۆماسی و میدیایی کراوەتە بەر.
کاندیدەکانی هەسەدەو قۆناغێکی نوێی ململانێ
هێرشی سۆشیال میدیای سەر بە گروپە چەکدارە سورییەکان بۆ سەر کاندیدەکانی هەسەدە لەکاتێکدایە، ترس لە تورکیا هەیە بەوەی هەوڵی تێکدانی رێککەوتن و هەڵگیرسانەوەی شەڕ بداتەوە.
لەکاتێکدا دیمەشق و هەسەدە لەژێر فشاری نێودەوڵەتیدا ناچار بەرێککەوتن کراون، بەڵام تورکیا داوای چەک داماڵینی هەسەدە دەکات و بەو رێککەوتنە رازی نییە.
هێرشی گروپە چەکدارە سورییەکان بۆ سەر کاندیدەکانی هەسەدە لەکاتێکدایە، بەشێک لەو گروپانە جێبەجێکاری ئەجێندای تورکیان و کەمتر لەژێر کۆنترۆڵی دیمەشقدان.
ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کاندیدەکانی هەسەدە کراون وابەستەییە بە پەکەکەوە، لەکاتێکدا ئەو گروپانە سورین و پەکەکەش لایەنێکی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە.