بەڕێوەبەری روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە سوریا: دەبێت شەقامی کوردی بەردەوام بێت لە ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندان تا ئەوکاتەی تەواوی مافەکانی لەدەوڵەتی نوێی سوریادا پێدەدرێت
١ شوبات ٢٠٢٦ - ١٢:٤٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بەڕێوەبەری روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە سوریا دەڵێت، دەبێت شەقامی کوردی بەردەوام بێت لە ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندان، تا ئەوکاتەی تەواوی مافەکانی لەدەوڵەتی نوێی سوریادا پێدەدرێت، چونکە هێشتا شەرع بەرگی ئەبو محەمەد جۆلانی فڕێنەداوە و نەبووەتە سەرۆکی هەموو سورییەکان بە پێکهاتە جیاوازەوەکانەوە.
رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە سوریا، رایگەیاند: بەپێچەوانەی بانگەشەکان ئەوەی سەرکەوت کورد و ئەو ئازادیخوازانەبوو لەسەر ئاستی جیهان کە لەگەڵ کورد راوەستان.
دەشڵێت: باشترین دەستکەوتی جۆلانی ئەوەبوو لەرێگەی بەکارهێنانی تیرۆر لەدژی کورد، کوردی یەکخستەوە لەسەر ئاستی جیهان و ئازادیخوازانی یەکخست لەگەڵیان، هەروەها رای جیهانی لەسەر دۆزی کورد دروستکرد، بۆیە دەبێت بەردەوامی بە خۆپیشاندانەکان بدرێت و نابێت رابگیرێن، تا ئەوکاتەی دان بەمافە دەستورییەکانی کورددا لە سوریا دەنرێت.