نوری مالیکی؛ لەنێوان خۆرئاوابوونی ژیانی سیاسی و تەسلیم بوونی بە ئەمەریکادا 

١ شوبات ٢٠٢٦ - ١٢:٤٨ پاش نیوەڕۆ

نوری مالیکی؛ لەنێوان خۆرئاوابوونی ژیانی سیاسی و تەسلیم بوونی بە ئەمەریکادا 

پەنجەرە

وەکچۆن کشانەوەی محەمەد شیاع سودانی لەبەرامبەر نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لایەنە شیعەکانی شۆککرد، رەتکردنەوەی مالیکیش لەلایەن ترەمپەوە چوارچێوەی هەماهەنگی خستە دۆخێکی نەخوازراوەوە.


مالیکی؛ لەنێوان پێداگیری و کشانەوەدا

لەکاتێکدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا کاندیدکردنی مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران ڕەتکردەوە، بەڵام هێشتا ناوبراو لەگۆڕەپانەکەدا ماوەتەوە و پێداگیری لەسەر گەیشتنەوە بە کورسی حوکمڕانی دەکات.

ئەگەر ئەمەریکا رژد بێت لەسەر ڤیتۆکەی سەر مالیکی، پێناچێت ئەنجامی هاوکێشەکان لەبەرژەوەندی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا بن، بەوپێیەی کۆتاییەکەی بە گرفتی گەورەی ئابووری و سیاسی و سەربازی بۆ عێراق دێت.

لەئێستادا مالیکی کەوتووەتە بەردەم چەند بژاردەیەک، بژاردەی گوێنەدان بە خواستی ئەمەریکا و دووچارکردنی عێراق بەگرفت، یان کشانەوە لە خۆکاندید کردن یاخود چوونە دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا.

هەرچەندە ئەمەریکا ڤیتۆی لەسەر کاندیدکردنی مالیکی هەیە، بەڵام لە ئەگەری دروستبوونی پەیوەندی و دانوستان دا، بەدوور نازانرێت ڤیتۆکەی سەر مالیکی هەڵبگیرێت ئەگەرچی رێگەیەکی قورس و زەحمەتە.

مالیکی تەنها لەلایەن ئیدارەکەی ترەمپەوە ڤیتۆی لەسەر نییە، بەڵکو بەشێک لەهێزەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگیش لەگەڵ گەڕانەوەیدا نین بۆ حوکمڕانیکردنی عێراق، لەوانە عەمار حەکیم، خەز عەلی و شبل زەیدی.

بۆیە گەیشتنەوەی مالیکی بە کورسی سەرۆکوەزیرانی عێراق قورسە، بەوپێیەی تەنها لە سەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی نەیاری نییە، بەڵکو تەنانەت وڵاتانی ناوچەکەش دژی گەڕانەوەی ناوبراون بۆ حوکمڕانیکردنی عێراق.


هاتنە دەنگی ترەمپ و گومان لە کەنداو 

پۆستەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا بە بەرئەنجامی لۆبییەکی گەورە دژی گەڕانەوەی مالیکی بۆ حوکمڕانیکردنی عێراق دادەنرێت، بەوپێیەی ترەمپ هێندە بێ ئاگایە لە دۆخەکە رەنگە هەر مالیکی نەناسێت.

وڵاتانی کەنداو بەتایبەتی و وڵاتانی عەرەبی بە گشتی نەیاری سەرسەختی مالیکین، بەوپێیەی ناوبراو بە کەسایەتییەکی نزیک لە ئێران دادەنرێت و لەرابردوودا هەڵوێستی توند بووە لەبەرامبەریان.

کاتێک مالیکی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کاندید کرایەوە، هاوپەیمانی تەقەدوم بەسەرۆکایەتی حەلبوسی هەڵوێستی یەکلایی کەرەوەی دژی کاندیدکردنەوەی ناوبراو دەربڕی.

هەرچەندە ژیانی سیاسی حەلبوسی بە هەڵبەز و دابەز و یاریکردنی زۆردا تێپەڕیووە، بەڵام چاودێران پێیانوایە هەڵوێستە خێراکەی دژی مالیکی رەنگدانەوەی سیاسەتی وڵاتانی عەرەبی و دوور نییە بەهاندانی ئەوان بووبێت.

بۆیە دەوترێت پۆستەکەی ترەمپ دژی نوری مالیکی بەرئەنجامی لۆبی وڵاتانی عەرەبی بووە، کە دژی گەڕانەوەی مالیکین و پێیانوایە ڕۆڵی هەبووە لە سەرکوتکردنی عەرەبی سونە و یەکلایی کردنەوەی دۆخی عێراق بەلای بەرژەوەندی ئێران دا.


مارک ساڤایا؛ دۆستی سودانی و نەیاری مالیکی

هەرچەندە ماریا ساڤایا ی نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق هێشتا دەست بەکارنەبووە و نەگەیشتووەتە بەغدا، بەڵام بە پەیامە یەک لە دوای یەکەکانی لایەنە شیعەکانی توڕە کردووە.

ساڤایا هێشتا ئەستۆپاکی پێنەدراوە بۆ ئەوەی سەردانی عێراق بکات و دەست بەکارببێت، بەڵام بە دۆستی محەمەد شیاع سودانی و نەیاری نوری مالیکی دادەنرێت.

بەشێک لە لایەنە شیعەکان گومانیان لە محەمەد شیاع سودانی هەیە و پێیانوایە ئاگاداری جوڵەکانی ئەمەریکایە لەدژیان، بۆیە هەرچەندە بەهۆی نالەباری دۆخەکەوە بێدەنگن بەرامبەری، بەڵام لێی توڕەن و بە تۆمەتباری دەزانن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو