ئایا تورکیا بەڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە رازییە؟

١ شوبات ٢٠٢٦ - ١٢:٣٠ پاش نیوەڕۆ

ئایا تورکیا بەڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە رازییە؟

پەنجەرە

دوای ئاڵۆزییەکانی سوریا و پێکدادانی نێوان گروپە چەکدارە سورییەکان و هێزەکانی سوریای دیموکرات، دواجار ئەو دوو هێزە لەژێر فشاری نێودەوڵەتیدا رێککەوتن و لەم قۆناغەدا هەردوولایان بە رێککەوتنەکە رازین.


خواستە گەورەکەی تورکیا

پێکدادانی نێوان گروپە چەکدارە سورییەکان و هێزەکانی سوریای دیموکرات، پێکدادانی ناڕاستەوخۆی نێوان دوو زلهێزی ئەجێندا جیاوازی ناوچەکە بوو، کە هەریەک لەو دوو زلهێزە پاڵپشتی لایەکیان دەکرد.

تورکیا لەرێگەی بەرپاکردنی شەڕ و هاندانی گروپە چەکدارە سورییەکان، هەوڵیدا رێگری بکات لەدووبارە بوونەوەی ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە رۆژئاوای کوردستان و فشارەکانیشی بۆ لەچەک داماڵینی هەسەدەبوو.

هەرچەندە دەرئەنجامی ئاڵۆزییەکان بوونە هۆی ئەوەی هەسەدە زۆرناوچە لەدەست بدات و هەژموونی لە سوریا لاواز ببێت، هەروەها هێزەکانی ئاسایشی دیمەشق بۆ ناوچە کوردستانییەکان بگەڕێنەوە، بەڵام هێشتا تورکیا بەو رێککەوتنە رازی نییە.

خواستی تورکیا لە سوریا لە رێککەوتنەکە گەورەترە، بەوپێیەی نەهێشتنی هەسەدە و لەچەک داماڵینی ئەو هێزە خواستە گەورەکەی تورکیایە، بەڵام فشارە نێودەوڵەتییەکان وایکرد تورکیا بەم ئامانجەی نەگات.

بەپێچەوانەی خواستەکانی تورکیا، ئیسرائیل نیگەرانە لە دۆخی سوریا و لاوازبوونی هەسەدە، بۆیە لەرێگەی لۆبیکردنەوە دواجار ناوەندە سیاسییەکانی ئەمەریکای جوڵاند بۆ ئەوەی رێگری بکات لە گەیشتنی تورکیا بە خواستە گەورەکەی.

تورکیا ناوەندێکی بەهێزی لە سوریا دەوێت و لەقاڵبدانی هەسەدەش ئامانجە گەورەکەیەتی، لەکاتێکدا پلانی ئیسرائیل جیاوازە و لاوازبوونی سوریا و پارچە پارچە بوونی ئەو وڵاتەی دەوێت، ئەمەش لەپێناو دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر وڵاتەکەی.

تورکیا و ئیسرائیل ئەجێندا و بەرژەوەندییەکانیان لە سوریا جیاواز و دژ بەیەکن، بۆیە ئەگەر ناکۆکی نێوان دیمەشق و هەسەدە بە رووکەش ناکۆکی نێوان دوو هێز بێت، ئەوا دیوی پشتەوەی رەنگدانەوەی ناکۆکی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە.


ئەگەری سەرهەڵدانەوەی ئاڵۆزی 

حکومەتی دیمەشق بەو رێککەوتنە رازییە کە لەژێر فشاری نێودەوڵەتیدا لەگەڵ هەسەدە ئەنجامیدا، هەسەدەش لە دۆخی ناچاریدا و بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتە نیمچە سەربەخۆکەی بە رێککەوتنەکە رازیبووە.

بەرپرسانی هەسەدە پێیانوایە، دۆخی سوریا ئاڵۆزە و بەهۆی بەرژەوەندی وڵاتە زلهێزەکانەوە لە گۆڕاندایە، بۆیە هەسەدە دەیەوێت خۆی لەم قۆناغە رزگار بکات تا ئەوکاتەی دەرفەتی نوێ دێتە پێشەوە.

لەکاتێکدا تورکیا دۆخەکە جیاوازتر دەبینێت و دەیەوێت سود لەکات و بارودۆخەکە وەربگرێت، بۆ لەگۆڕنانی خەونی دروستبوونی قەوارەیەکی تری سیاسی لە سوریا، ئەمەش وادەکات سەرهەڵدانەوەی ئاڵۆزی یەکێک بێت لە ئەگەرەکان.

دوای جوڵەی لۆبی ئیسرائیلی لە ئەمەریکا، سعودیە و هەندێک وڵاتی عەرەبی تاڕادەیەک لە پیلانی فشارەکانی سەر کورد کشاونەتەوە، بەڵام هێشتا تورکیا بە قورسی کار بۆ جێبەجێکردنی ئەجێنداکانی لەو وڵاتە دەکات.

نەگەیشتنی تورکیا بە ئامانجە گەورەکەی کە نەهێشتنی هەسەدە و لەچەک داماڵینیەتی، وادەکات ئەگەری سەرهەڵدانی ئاڵۆزی بە هاندانی تورکیا یەکێک بێت لە ئەگەرە بەهێزەکان.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو