ڕێککەوتنی هەسەدە و سوریا؛ چۆن ئیسرائیل لۆبییەکانی خستە خزمەتی رۆژئاواوە؟

٣٠ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٧:٢٨ پاش نیوەڕۆ

ڕێککەوتنی هەسەدە و سوریا؛ چۆن ئیسرائیل لۆبییەکانی خستە خزمەتی رۆژئاواوە؟

پەنجەرە

لەکاتێکدا حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە لەسەر ئاگربەست و تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپا رێککەوتن، بەڵام رێککەوتنەکە بە"ناچاری" و ئەگەری سەرگرتنی بەدوور دەزانرێت.


ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە

بەپێی ناوەڕۆکی رێککەوتنی نێوان سوریا و هەسەدە، ئاگربەست بەردەوام دەبێت و شەڕ ڕادەگیرێت، هەروەها بەقۆناغبەندی هێزی سەربازی و ئیداری هەردوولا یەکدەخرێت.

رۆیشتنی هێزەکانی ناوخۆی سەر بە سوریا بۆ شارە کوردییەکان و کشانەوەی هێزە سەربازییەکان بۆ پێگەکانی پێشوویان بەشێکە لە رێککەوتنەکە، ئەمە جگە لەوەی رێککەوتن ئەنجامدراوە لەسەر پێکهێنانی فیرقەیەک بۆ هەسەدە.

هەروەها یەکخستنی دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆسەر و دامەزراوەکانی سوریا و جێگیرکردنی فەرمانبەرانی مەدەنی، لەگەڵ یەکلایی کردنەوەی مافە مەدەنی و پەروەردەییەکانی گەلی کورد و گەڕانەوەی ئاوارەکان بەشێکن لە ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە.


ئایا هەسەدە بە ڕێککەوتنەکە ڕازییە؟

ڕێککەوتنەکە لەکاتێکدا ئەنجامدراوە حکومەتی سوریا خۆی بە براوە دەزانێت و دەیەوێت مەرجەکانی بسەپێنێت، لەکاتێکدا هەسەدە لەخراپی دۆخەکە و گەلەکۆمەی ناوچەیی تێگەیشتووە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، ئامانجی سەرەکی هەسەدە لە رازیبوون بە رێککەوتنەکە تێپەڕاندنی دۆخی ئێستا و هاتنە پێشەوەی دەرفەتی نوێیە، بۆیە بە رێککەوتنەکە رازی بووە.

بەرپرسانی هەسەدە پێیانوایە، سوپای سوریای عەرەبی تەنها ناو و چوارچێوەیەکە بۆ کۆمەڵێک گروپی ئەجێندا جیاوازی دوور لەیەک داتاشراوە، ئەگینا ئەم گروپانە پێکەوە هەڵناکەن و دواجار دووچاری بەریەککەوتن دەبن.

هەسەدە لە رێگەی رازیبوون بە رێککەوتنەکە لە دۆخی ناچاریدا، دەیەوێت قۆناغی ئێستا تێپەڕێنێت و فشارەکانی سەری دووربخاتەوە، ئەگینا بە رێککەوتنەکە رازی نییە و چاوەڕوانی هاتنە پێشەوەی دەرفەتی نوێ و گۆڕانی هاوکێشە سیاسییەکان دەکات.

ڕێککەوتن و لۆبی

لەکاتێکدا هەسەدە و سوریا لەرێککەوتن نزیک دەبنەوە، ناوچەکانی ژێر قەڵەمڕەوی هەسەدە لەژێر فشاری سەختدا بوو بە تایبەت کۆبانی، بەڵام جوڵەی ئەو هێزانەی بەدۆستی کورد دادەنرێن فشارەکانی گۆڕی بۆ رێککەوتن.

ئیسرائیل یەکێکە لەو وڵاتانەی لە ئێستادا لۆبی بۆ کورد لە رۆژئاوا دەکات و جوڵەی سیناتۆرە ئەمەریکاییەکان دەرئەنجامی لۆبی ئەو وڵاتەیە، ئەمەش نەک لەپێناو کورد بەڵکو لەترسی داهاتووی خۆی.

لەکاتێکدا ئیدارەی ترەمپ لەژێر کاریگەری لۆبی قەتەر و تورکیا و سعودیەدا هەنگاوی بۆ دامەزراندنی حکومەتی ناوەندی بەهێز دەنا، بەڵام ئیسرائیل ئەمەی بە مەترسی بۆ داهاتووی خۆی زانی و خێرا جوڵەی پێچەوانەی دەستپێکرد.

بەپێچەوانەی جوڵەی ئیدارەی ترەمپ کە هەوڵی بەقوربانیکردنی هەسەدە و بەهێزکردنی ناوەندی سوری دەدا، ئیسرائیل حکومەتی ناوەندی بە مەترسی بۆ سەر خۆی دادەنێت و لەگەڵ پارچە پارچە بوونی سوریادایە.

بەڕای ئیسرائیلییەکان، ئەوان پێشوەخت گیرۆدەی دەست بزووتنەوەی حەماس بوون کەچی ترەمپ دەیەوێت هێزێکی هاوشێوە لە تەنیشتی کە سوریایە بەهێز بکات، بۆیە ئەو وڵاتە لۆبییەکانی دژی ئیدارەی ترەمپ و لەبەرژەوەندی کورد جوڵاند.

ئیسرائیلییەکان هاوشێوەی کورد لە ئیدارەی ترەمپ توڕە و نیگەرانن و پێیانوایە، ئەم ئیدارەیە پشتی لە هاوپەیمانە ئەوروپی و ستراتیژییەکانی کردووە و لەپێناو پارە و چەکفرۆشتن ڕووی لە قەتەر و سعودیە کردووە.

ئەگەر ئێران و ئیسرائیل لە زۆر ڕووەوە نەیاری یەکبن و کوردیش بەشێک نەبێت لە ستراتیژیان، ئەوا ئەو دوو وڵاتە نەیارە لەگەڵ کورد نەیارێکی هاوبەشیان هەیە کە گروپە چەکدارە توندڕەوەکانە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو