"ژمارەی چەکدارە توندڕەوەکانی غەڕە و پەڵکانە سەرووی 16 چەکدارن"
٣٠ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٧:٢٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەکی ئەمنی بەرپرس دەڵێت، ژمارەی ئەو چەکدارانەی داعش کە لە سنوری غەڕە و پەڵکانەن و شەوی رابردوو لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە نزیکبوونەتەوە، سەرووی 16 چەکدارن.
سەرچاوە ئەمنییەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: پێشتر ژمارەی چەکدارەکانی داعش لەو ناوچەیە کەمبووە، بەڵام ئێستا ژمارەیان زیادیکردووە.
دەشڵێت: شەوی رابردوو، چوار چەکدار بەدوو ماتۆڕسکیلەوە لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە نزیک بوونەتەوە و تەقەیان لێکراوە.
هاوینی ساڵی رابردوو، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی دژە تیرۆری عێراق و دژە تیرۆری سلێمانیدا، دوو چەکداری داعش لەناوچەی غەڕە و پەڵکانە دەستگیرکران، یەکێکیان ناوی"ئەبوجابانی کوردی" بووە و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە.
ئەبو جابان لەکاتی لێکۆڵینەوەدا وتوویەتی: دوو چەکداری تری کورد لەناوچەی غەڕە و پەڵکانە هەن.