سەرەتا پشتگیرییکردن و دواتر کشانەوە؛ کورد لە هاوکێشەی کاندیدکردنی مالکیدا

٣٠ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٦:٤٤ پاش نیوەڕۆ

سەرەتا پشتگیرییکردن و دواتر کشانەوە؛ کورد لە هاوکێشەی کاندیدکردنی مالکیدا

پەنجەرە

لە کاتێکدا عێراق بەرەو قۆناغی یەکلاکردنەوەی پۆستە سیادییەکان هەنگاوی دەنا، پۆستێکی دۆناڵد ترەمپ، هاوکێشە سیاسییەکانی بەغدای هەژاند.

کاندیدکردنی نوری مالکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کە لەلایەن "چوارچێوەی هەماهەنگی"یەوە بڕیاری لێدرابوو، دوای دەستوەردانی ڕاستەوخۆی واشنتۆن و پاشەکشەی لایەنە کوردییەکان، ڕووبەڕووی بەربەستێکی گەورە بووەتەوە.


کاندیدکردنی مالکی و ڕێککەوتنە سەرەتاییەکان

سەرچاوە سیاسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەر لە گەیشتنی پەیامە توندەکەی ئەمەریکا، نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، توانیبووی پشتگیرییەکی بەرچاوی ناوخۆیی کۆبکاتەوە.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە مالکی و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا جۆرێک لە لێکتێگەیشتنیان هەبووە بۆ تێپەڕاندنی حکومەت.

بڕیار وابوو لە دانیشتنێکی پەرلەماندا سەرۆک کۆمار هەڵببژێردرێت (کە پارتی پشتیوانی دەکرد) و لە بەرانبەردا، سەرۆک کۆماری نوێ نوری مالکی بۆ پێکهێنانی حکومەت رابسپێرێت.


پەیامەکەی ترەمپ؛ هێڵی سوور بۆ "گه‌ڕانه‌وەی مالکی"

دۆناڵد ترەمپ لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند: "نابێت ڕێگە بدرێت مەلیکی بگەڕێتەوە بۆ دەسەڵات."

ئەو هۆشداریی دا کە گەڕانەوەی مالکی بە واتای بڕینی هاوکارییەکانی ئەمەریکا دەبێت بۆ عێراق.

ئەم هەڵوێستە تەنها لە میدیاکاندا نەمایەوە، بەڵکو مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا، پەیوەندیی تەلەفۆنیی توندیان لەگەڵ سەرکردە عێراقییەکان ئەنجامدا.


ڕۆڵی کورد؛ لەپشتگیرییەوە بۆ پاشەکشە

خاڵی وەرچەرخانی ئەم قەیرانە، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی "تۆم باراک" بوو لەگەڵ مەسعود بارزانی.

نێردەی ئەمەریکا بە ڕاشکاوی بە بارزانی ڕاگەیاندووە: "حکومەتێک کە ئێران دایبمەزرێنێت، سەرکەوتوو نابێت و ناتوانێت ببێتە شەریکێکی کارای ویلایەتە یەکگرتووەکان."

بەپێی سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان، دوای ئەم پەیامە، پارتی هەڵوێستی خۆی گۆڕی و داوای دواخستنی دانیشتنی پەرلەمانی کرد کە بڕیار بوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئەنجام بدرێت.

ئەم داواکارییە بۆ ئەوە بوو کە کورد نەکەوێتە ناو بەرەیەک کە دژایەتی ڕاستەوخۆی ئەمەریکا دەکات. 

ئەوەی زانراوە ئەوەیە بارزانی و مالکی چەند ساڵێکە پەیوەندییان توندوتۆڵ بووەتەوە، پاش ئەوەی لە ماوەی یەکەم و دووەمی سەرۆک وەزیرانی مالکیدا تێکچوو بوو. 

هەربۆیە کاتێک چوارچێوەی هەماهەنگی کاندیدکردنی مالکییان بە فەرمی ڕاگەیاند، بارزانی یەکەم کەس بوو کە بروسکەی پیرۆزبایی بۆ نارد.

بەڵام هۆشدارییەکانی ئەمەریکا و پۆستەکەی ترامپ، ئیستێکیان بەم پاڵپشتییە کرد.

رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەتی لەندەنی لەوبارەوە دەڵێت:"بارزانی هەنگاوێکی بۆ دواوە نا، چونکە تێپەڕاندنی سەرۆک کۆمار لە چوارچێوەی گرێبەستێک کە مالکی بێنێتە سەر دەسەڵات، بە واتای دوژمنایەتی کردنی ئەمەریکا دەهات."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو