ڤیتۆی ئەمەریکا لەبەرامبەر مالکی؛ لەنێوان بێدەنگی و دەنگ هەڵبڕینی سەرکردە شیعەکاندا
٢٨ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٤:٣٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بەشێک لە سەرکردەی لایەنە عێراقییەکان لەسەر ڤیتۆی ئەمەریکا لەبەرامبەر کاندید کردنی نوری مالکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران هاتنە دەنگ، بەڵام بەشێکی تریان تا ئێستا بێدەنگییان هەڵبژاردووە.
قەیس خەزعەلی، عەمار حەکیم، شبل زەیدی و حەیدەر عەبادی، کە هەندێکیان دژی کاندید کردنی مالکین، تا ئێستا هیچیان لەبەرامبەر ڤیتۆی ئەمەریکا لەبارەی کاندید کردنەوەی مالکی رانەگەیاندووە، لەکاتێکدا بەشێکی تر لە سەرکردەی لایەنە شیعەکان دەنگیان هەڵبڕی.
نوری مالکی، لەبارەی ڤیتۆی ئەمەریکا لەسەر گەڕانەوەی بۆ حوکمڕانی عێراق، ڕایگەیاند: دەستوەردانی ئەمەریکا لەکاروباری عێراق بەهەموو شێوەیەک رەتدەکەینەوە،ئەمە پێشێلکردنی سەروەری عێراق و دەستدرێژییە بۆ سەر بڕیاری چوارچێوەی هەمانگی.
هاوکات عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، دەڵێت:عێراقییەکان ئازادن لە دەستنیشانکردنی حکومەتی خۆیان.
لایخۆشیەوە ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری کەتیبەکانی سەید شوهەدا، وتی: ترەمپ ی تاوانبار بە کوشتنی سەرکردەکانی “نەسر”، دەیەوێت لەرووی سیاسییەوە مالکی بکوژێت.