ئایا مالکی لە ئەمەریکا یاخی دەبێت؟

٢٨ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٤:٣٢ پاش نیوەڕۆ

ئایا مالکی لە ئەمەریکا یاخی دەبێت؟

پەنجەرە

ئەمەریکا بەفەرمی عێراقی ئاگادار کردووەتەوە لە کاندیدکردنی نوری مالکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەم دەستوەردانەش لە دانانی کەسی یەکەم بۆ حوکمڕانیکردنی عێراق بە سەرەتای گۆڕانکاری دادەنرێت.


کۆتایی سەردەمی مالکی یان یاخیبوون؟

پێش ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا قسەی فەرمی لەبارەی کاندیدکردنەوەی مالکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بکات، ئەمەریکا لەرێگەی دیپلۆماتکارانەوە بەفەرمی لایەنە شیعەکانی ئاگادار کردبوویەوە لەوەی ئەوان سەرنجیان لەسەر مالکی هەیە.

بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، مالکی لەکۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا وتوویەتی، پۆستەکە وەردەگرێت و گوێ بە ڕای ئەمەریکا نادات، لەکاتێکدا بەشێک لە لایەنە شیعەکان بەمە نیگەران بوون.

دوای رەتکردنەوەی مالکی لەلایەن ئەمەریکاوە بەفەرمی، دۆخی عێراق دەکەوێتە بەردەم دوو بژاردە، بژاردەی پێداگیری مالکی و دوچاربوونی عێراق بە سزای ئابووری، یان بژاردەی پاشەکشە کردنی مالکی و رێککەوتن لەسەر کاندیدی جێگرەوە.

بەپێی قسەی هەندێک لە سەرکردە شیعەکان بۆ پەنجەرە، دۆخەکە چەند بۆ مالکی قورسە هێندەش بۆ سودانی سەختە، چونکە پێدەچێت ئەویش ببێتە قوربانی کێشمەکێشەکان و دواجار کاندیدی تر بهێنرێتە پێشەوە.


پێشهاتی نوێ

دەستوەردانی راستەوخۆی ئەمەریکا لە کاروباری عێراق و رەتکردنەوەی کاندیدی شیعەکان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، بەسەرەتای  جێبەجێکردنی ئەو پلانە دادەنرێت ئەمەریکا بۆ لاوازکردنی هەژموونی ئێران دایڕشتووە.

پەیامەکانی ئەمەریکا سەرەتا لەچەک داماڵینی میلیشیا شیعەکانەوە دەستیپێکرد و دواتر لایەنە شیعەکانی لە بەشداری پێکردنی کەسایەتییە سیاسییەکانی نزیک لە ئێران ئاگادار کردەوە، بەڵام فشارەکانی ئەمەریکا چڕتر بوونەوە و کاندیدی سەرۆکوەزیرانیش کرایە ئامانج.

لایەنە شیعەکان ئەگەرچی بە خواستەکانی ئەمەریکا ناڕازین و دڵنیان لەوەی هەنگاوەکانی ئەو وڵاتە بۆ لاوازکردنیانە، بەڵام جگە لە پابەندبوون هیچ رێگە چارەیەکی تریان لەبەردەمدا نییە.

ئەگەر لایەنە شیعەکان لە بڕیارەکانی ئەمەریکا یاخیبن، ئەوا عێراق دووچاری سزای قورسی ئابووری و سەربازی دەکەن، لەمحاڵەتەشدا ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و لەقبوونی پێگەی حوکمڕانییان دێتە ئاراوە.

دوای رەتکردنەوەی نوری مالیکی لەلایەن سەرۆکایەتی ئەمەریکاوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کەسایەتییەکی سیاسی شیعەی عێراق داوای خۆپیشاندانی ملیۆنی کرد.

ئەیاد جەمالەدین، کەسایەتی سیاسی شیعەی عێراق دەڵێت: پێویستە خۆپیشاندانی ملیۆنی لە بەغدا و شارە گەورەکانی عێراق دژی دەستوەردانی ئەمەریکا لە کاروباری عێراق ئەنجام بدرێت.
دەشڵێت: دەبێت باڵیۆزی قەتەر دەربکرێت و پەیوەندیی لەگەڵ ئەو وڵاتە بپچڕێنرێت.

ئەیاد جەمالەدین ئاماژە بەوەدەکات، شەڕی سونی ئیخوانی بەعسی دژی شیعە ئەنجام دەدرێت، بە سەرکردایەتی تورکیا و بەپارەی قەتەر.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو