هەسەدە چۆن لە ئاگربەست سودمەند بوو؟
٢٧ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٧:٥٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای ڕوودانی شەڕی قورسی نێوان گروپە چەکدارە سورییەکان و هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە، ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە ئاگربەست لەنێوانیان راگەیەنراوە ئەگەرچی ناو بەناو ئاگربەست پێشێل دەکرێت.
بەپێی وتەی شارەزایانی بواری سەربازی، ئاگربەست سودی گەورەی بە هەسەدە گەیاندووە، بەوپێیەی هێزەکانی بەناوچەکاندا پەرتەوازە بوون، بەڵام توانی لەکاتی ئاگربەست دا رێکیان بخاتەوە.
بەسود وەرگرتن لە ئاگربەست و گفتووگۆ لەگەڵ دیمەشق، هەسەدە هێزەکانی لە گرتووخانەی “ئەقتان” کشاندەوە بۆ کۆبانی، هەروەها ئەو هێزە تایبەتانەشی کە هەماهەنگ بوون لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکا کشاندەوە بۆ ئەو ناوچانەی پێویستن.
هەروەها هێزەکانی هەسەدە بەهۆی ئاڵۆزییەکان و بڵاو بوونەوەیان بەناوچەکاندا ماندوو بوون، بەڵام ئاگربەست بووە هۆی ئەوەی پشوویەک بدەن و خۆیان بۆ قۆناغی دواتر ئامادە بکەن.
لەکاتی ئاگربەست دا دەستی هاوکاری و فریاگوزاری لەپارچەکانی تری کوردستان و تەنانەت جیهانیشەوە گەیەنرایە رۆژئاوای کوردستان، ئەمە جگە لەوەی هەسەدە دەیەوێت بەسود وەرگرتن لە قۆناغی ئاگربەست سەنگەرەکانی توندوتۆڵ بکات.
حکومەتی دیمەشق و تەنانەت تورکیاش کە لەپشت هێرشەکانی سەر کوردەوەیە، تێگەیشتوون لەوەی ئاگربەست و کات لەبەرژەوەندییان نییە، بۆیە چەندین جار هەوڵی شکاندنی ئاگربەستیان دا، تا دواجار ئەمەریکا و ئەوروپا ئاگاداریان کردنەوە.
درێژە کێشانی ئاگربەست لەبەرژەوەندی کوردە و تادێت لەناوخۆی ئەمەریکا فشاری زیاتر لەسەر ئیدارەی ترەمپ دروست دەبێت، ئەگەرچی تا ئێستا فشارەکان جگە لە ئاگربەست ئەنجامی گەورەیان نەبووە.
درێژە کێشانی ئاگربەست لەبەرژەوەندی رۆژئاوای کوردستاندایە، بەوپێیەی هاوسۆزی زیاتری لەگەڵ دروست دەبێت و دام و دەزگا فەرمییەکانی ئەمەریکاش بڕیارە تا رۆژی ١٠ ی مانگی داهاتوو بێنە سەر هێڵ و قسەی خۆیان لەبارەی ئەو ئاڵۆزییانەوە بکەن.