پەنجەرە نوێترین زانیاری لەسەر سەنگەرەکانی شەڕ لە رۆژئاوای کوردستان بڵاودەکاتەوە

٢٧ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٢:٤٣ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە نوێترین زانیاری لەسەر سەنگەرەکانی شەڕ لە رۆژئاوای کوردستان بڵاودەکاتەوە

پەنجەرە

هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە و گروپە چەکدارە سورییەکان یەکتری بەپێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکەن، کەبەهۆی ئاڵۆزی نێوانیانەوە چەندین هاوڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون.

لە ئەنجامی هێرشی گروپە سورییەکان بۆ سەر گوندەکانی چەلەبی، زەریک و شێخلەر لە کۆبانی، منداڵێک گیانی لەدەستداوە و سێ منداڵی تریش برینداربوون. 

لەو ناوچەیە شەڕ لە نێوان هەسەدە و گروپە چەکدارەکان بەردەوامە، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە)، ڕایگەیاند: چەکدارەکانی حکومەت تا ئێستا زیاتر لە ٢٠ جار ئاگربەستیان پێشێل کردووە. لە هێرشی درۆنی گرووپەکانی شام بۆ سەر گوندنیشینەکانی حەسەکە، سێ هاوڵاتیی مەدەنی بریندار بوون.

لە گوندی خراب ئشک و شارۆچکەی چەلەبیی باشووری ڕۆژهەڵاتی کۆبانی هێرشی چڕ بەردەوامە، درۆنی چاودێری تورکیش بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێتەوە.

گروپە چەکدارەکانی سوریا لە گوندی خراب ئشک لە دژی بنەماڵەی بۆزان کۆمەڵکوژییان ئەنجام دا، لە ئەنجامدا ٥ کەس لە ئەندامانی خێزانەکە شەهید بوون و ٥ی تریش بریندار بوون، ئەمەش بەپێی وتەی بەرپرسانی هەسەدە.

هاوکات لە گوندی سەفای باشووری چل ئاغا شەڕ بەردەوامە، گروپەکان بە چەندین درۆن هێرشیان کردە سەر گوندەکە، لە ئەنجامدا چەندین هاوڵاتی سڤیل بریندار بوون.

بەپێی وتەی فەرماندەکانی هەسەدە، لە ئەنجامی ئەو ئاڵۆزیانەدا لە گوندی چەلەبی سەر بە خراب ئشک و ناوچەکانی دەوروبەری، ٧ ئۆتۆمبیلی سەربازیی، ٢ تانک، ژمارەیەک زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی دۆشکەهەڵگر لەلایەن شەڕڤانانەوە تێک شکێنراون. چەندین تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازیی دیکە گورزیان بەرکەوتووە و دەیان چەکدار کوژراون و برینداربوون، هەروەها لە گوندی زێرکێی کۆبانێیش، سێ ئۆتۆمبێلی گروپەکان تێکشکێندران.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو