پۆستی سەرۆکوەزیران ناکۆکی لێکەوتەوە؛ یەکێتی و پارتی ناکۆکن و لەتیف رەشیدیش نەکشایەوە
٢٧ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٢:٣٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەکی نزیک لەچوارچێوەی هەماهەنگی، زانیاری ورد لەبارەی ناکۆکی نێوان لایەنەکان لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ پەنجەرە ئاشکرا دەکات و دەڵێت، تا ئێستا یەکێتی و پارتی رێکنەکەتوون و ناکۆکیش لەسەر کاندیدکردنی مالکی هەیە.
سەرچاوە نزیکەکە لە چوارچێوەی هەماهەنگی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: عەمار حەکیم، قەیس خەزعەلی و شبل زەیدی ناڕازین لە کاندیدکردنەوەی مالکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، بۆیە دەیانەوێت دەرفەتی رێککەوتن بە پارتی و یەکێتی بدەن تا ئەوکاتەی خۆشیان رێکدەکەون.
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کۆببێتەوە، بەڵام پێناچێت کۆبوونەوەکە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لێبکەوێتەوە.
سەرچاوەکە دەڵێت: لایەنە شیعەکان داوای رێککەوتنیان لە یەکێتی و پارتی کردووە، د.لەتیف رەشیدیش نوسراوی کشانەوەی لە کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار ئامادە کردووە بەڵام پێشکەشکردنی دواخست.