هەسەدە؛ ئەو ناوەی لەگۆڕەپانی سەربازی رۆژئاوای کوردستان خەریکە دەسڕێتەوە 

٢٦ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٢:١٨ پاش نیوەڕۆ

هەسەدە؛ ئەو ناوەی لەگۆڕەپانی سەربازی رۆژئاوای کوردستان خەریکە دەسڕێتەوە 

پەنجەرە

دوای لەبەریەک هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هەڵگەڕانەوەی چەکدارە عەرەبەکانی نێو ئەو هێزە، لە ئێستادا چاوەکان لەسەر مانەوە یان کۆتاییهاتنی ئەو چەترەن کە لە رۆژئاوا بۆ نەتەوە و پيکهاتەکان دروستکرابوو.


هەسەدە؛ هێزێکی فرە پێکهاتە 

پێکەوە ژیانی نەتەوە و پێکهاتەکان دروشمی سەرەکی کورد بوو لەرۆژئاوای کوردستان، هەربۆیە پيکهێنانی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ ئەوەبوو تا ببێتە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی هێزی پێکهاتە جیاوازەکان.

لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان گروپە چەکدارەکان و هەسەدە، چەکدارە عەرەبەکانی نێو هێزەکانی سوری دیموکرات نەک تەنها هەڵگەڕانەوە، بەڵکو بەشێک لە چەک و تەقەمەنییەکانیشیان رادەستی ئەو گروپانە کرد.

دوای هەڵگەڕانەوەی چەکدارە عەرەبەکان لە هەسەدە جۆرێک لە نائومێدی لای فەرماندەکانی هەسەدە دروستبووە، بۆیە لەئێستادا لەسەر ئاستی سەربازی کەمتر ناوی هەسەدە دەهێنرێت و زیاتر پشت بە یەپەگە و یەپەژە دەبەسترێت.


یەپەگە و یەپەژە؛ کاکڵەی هەسەدە

یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژن بە کاکڵەی هێزەکانی هەسەدە دادەنرێن، بەوپێیەی ئەم هێزانە بۆ پاراستنی ناوچە کوردییەکان پشتیان پێدەبەسترێت لەکاتێکدا هەسەدە زیاتر لەناوچە عەرەبییەکان ڕۆڵداربوو.

دوای هەڵگەڕانەوەی چەکدارە عەرەبەکان هێشتا ناوی هەسەدە لەسەر ئاستی سیاسی بەکاردەهێنرێت، بەڵام ئەو هێزانەی لە گۆڕەپانەکەدا پارێزگاری دەکەن یەپەگە و یەپەژەن.

لەئێستادا لەناوچە کوردییەکان و بۆ بەرەنگاربوونەوەی گروپە چەکدارە سورییەکان، یەپەگە و یەپەژە و یەکینەکانی تری کوردی ڕۆڵ دەگێڕن و ئەم هێزانەش تا ڕادەیەک لەناوی هەسەدە دابڕاون.


هەسەدە و خواستی سیاسی

پێکهێنانی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەر لە بنەماوە رەهەندی سیاسی هەبوو، وەکو بەرگێک کرابووە بەر هێزە کوردی و عەرەبییەکان بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی رەوایەتی بەدەست بهێنێت.

دوای هەڵگەڕانەوەی گروپە چەکدارە سورییەکان لەهەسەدە، ئەو هێزە تەنها ناوەکەی ماوەتەوە و پێدەچێت لەسەر ئاستی سیاسی سودی لێببینرێت، بۆیە ڕەنگە لەهەر ئان و ساتێکدا بێت کۆتایی بەو ناوە بهێنرێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو