عێراق لەسەردەمی نوێی مالکیدا؛ چەسپاندنی زیاتری دەسەڵاتی شیعە یان یاخیبوونی سونە؟
٢٦ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٢:١٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هێشتا چەند کاتژمێرێک بەسەر کاندیدکردنی نوری مالکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە تێنەپەڕیبوو، دەنگی ناڕەزایەتی لەنێو لایەنە سونەکانی عێراق بەرزبوویەوە، بەڵام هەرزوو بەرپرسی نوسینگەکەی مالکی وەڵامی دایەوە.
کاندیدکردنەوەی مالکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق جێی نیگەرانی لایەنە سونەکانە، بەوپێیەی لەسەردەمی دوو کابینەی ناوبراودا زۆرترین گوشار لەسەر ئەو پێکهاتەیە و سەرکردەکانی هەبووە.
مالکی؛ پیاوی قۆناغە سەختەکان
نوری مالکی لەلایەن هێزە شیعەکانەوە بە پیاوی قۆناغە سەختەکان ناودەبرێت، بەوپێیەی لەسەردەمی دوو کابینەی حوکمڕانی ئەودا عێراق بە قۆناغێکی سەختدا تێپەڕیووە، ئەگەرچی لە کۆتایی ویلایەتی دووەمی حوکمڕانیدا سەرهەڵدانی داعش بووە هۆی دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی.
کاتێک مالکی سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو، رووبەڕووی هێزەکانی سوپای مەهدی و گروپە چەکدارە سونەکانیش بوویەوە، بۆیە لەئێستادا جگە لە سونەکان تەنانەت رێبەری رەوتی سەدریش بە گەڕانەوەی بۆ حوکمڕانی خۆشحاڵ نییە.
هەرکات دەسەڵاتی شیعە لە عێراق و ناوچەکە مەترسی لەسەر دروست دەبێت، مالکی یەکێکە لەو سەرکردانەی شیعەی عێراق کە بێ پێچ و پەنا بەرگری دەکات و هیچ بوارێک بۆ بەرگریکردن لە پێکهاتەی شیعە ناهێڵێتەوە.
دوای رووخانی رژێمی ئەسەد و هاتنە سەر دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع، نوری مالکی رایگەیاند: بینیتان چۆن دەسەڵات لە سوریا کەوتە دەست ئەو کەسانەی لە عێراق کاری تیرۆرستییان دەکرد و زیندانی بوون.
وتیشی:ئایا مەعقولە تیرۆر حوکمی وڵاتێکی وەکو سوریا بکات کە وڵاتێکی هەمەچەشنە لەڕووی نەتەوە و پێکهاتەوە.
بەپێی وتەی سەرکردەکانی شیعە بۆ پەنجەرە، دەسەڵاتی شیعە لە عێراق لە مەترسبدایە و دۆخی ئێرانیش خراپە، ئەمە هاندەر بوو بۆ گەڕانەوەی مالکی بۆ حوکمڕانی عێراق، چونکە بەشێک لەلایەنە شیعەکان پێیانوابووە ئەم قۆناغە پێویستی بە مالکییە.
مالکی و دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە
هەرچەندە چوارچێوەی هەماهەنگی مالکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کاندید کردووەتەوە، بەڵام هێشتا ڕوون نییە لەمپەرە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان رێگە بە گەڕانەوەی دەدەن یاخود نە.
لەکاتێکدا مالکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کاندیدکراوەتەوە، پێگەی شیعە لەناوچەکە لە مەترسیدایە و ئێران هەڕەشەی هێرشی ئەمەریکای لەسەرە، عێراقیش فشاری خراوەتە سەر و داوای چەک داماڵینی میلیشیا شیعەکانی لێدەکرێت.
جگە لە فشارەکانی سەر عێراق و هەڕەشەکانی سەر ئێران، دۆخی نوێی سوریا و باڵادەستبوونی گروپە چەکدارەکان لەو وڵاتە بۆ لایەنە شیعەکان مایەی مەترسییە، بۆیە هێزێکی زۆریان بۆ سنورەکان جوڵاندووە.
لایەنە شیعەکان پێیانوایە ئەو دۆخەی لەسوریا دەگوەزەرێت مەترسی بۆ سەر عێراق هەیە و لەقکردنی دەسەڵاتی شیعە لە عێراق پلانی بۆ داڕێژراوە، بۆیە مەترسییەکان گروپە شیعەکانی بێدەنگ کردووە و هاوڕایی لەنێو سەرکردە نەیارەکانیشدا دروستکردووە.
لە ئەگەری گەڕانەوەیدا بۆ حوکمڕانی عێراق مالکی رووبەرووی ئەرکی سەخت دەبێتەوە، لەلایەک خراپی دۆخی ئابووری عێراق و مەترسی فشاری ئابووری ئەمەریکا، لەلاکەی تریش ئەگەری گواستنەوەی ئاڵۆزییەکان بۆ عێراق و مەترسی سەرهەڵدانی ئاڵۆزی.
سونەی عێراق لە سەردەمی مالکیدا
لایەنە شیعەکانی عێراق چاودێری جموجۆڵی سونەکان دەکەن و پێیانوایە دۆخی سوریا و هاندانی دەرەکی، هاندەریان دەبێت بۆ ئەوەی لەنێو عێراق دا جوڵە بکەن و دژی دەسەڵاتی شیعە بوەستنەوە.
تورکیا و کەنداو کاریگەری بەهێزیان لەسەر سونەی عێراق هەیە، لەکاتێکدا بەلای لایەنە شیعەکانەوە ئەو دوو جەمسەرە دەیانەوێت سود لە لاوازی پێگەی ئێران لەناوچەکەدا ببینن و دەست لەکاروباری عێراقیش وەربدەن.
گەڕانەوەی مالکی بۆ حوکمڕانی عێراق لەکاتێکدایە، لەسەردەمی دوو ویلایەتی مالکیدا عێراق بە شەڕی تایەفی نێوان شیعە و سونەدا گوزەری کردووە، ئەمە جگە لەوەی بەشێک لە سەرکردەکانی سونە خرانە زیندان و بەشێکیشیان هەڵاتن.
دەنگ هەڵبڕینی هەندێک سەرکردەی سونە بەرامبەر کاندیدکردنەوەی مالکی بەزەنگێکی مەترسیدار دادەنرێت، بەوپێیەی پێشتر سونەکان لەترسی فشاری شیعە ترسیان لەدەنگ هەڵبڕین بوو، بەڵام بەهۆی پێشهاتە نوێیەکانی ناوچەکەوە خەریکە قۆناغی ترس تێدەپەڕێنن.
بۆیە عێراق لەسەردەمی مالکیدا دەکەوێتە بەردەم دوو سیناریۆی گرنگ، سیناریۆی رێگرتن لە بەهێزبوونەوەی سونە و بەهێزکزدنی پایەکانی حوکمڕانی شیعە، یاخود سیناریۆی جوڵەکردنی سونە و یاخیبوون لە دەسەڵاتەکەی مالکی.