سەرۆک کۆماری عێراق؛ گەڕێکی تری ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی 

٢٦ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٢:١٤ پاش نیوەڕۆ

سەرۆک کۆماری عێراق؛ گەڕێکی تری ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی 

پەنجەرە

بڕیارە رۆژی سێشەممە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق کۆببێتەوە، لەکاتێکدا پارتی و یەکێتی بەدوو کاندیدی جیاوە دەچنە نێو کبڕکێکە و تائێستا رێکنەکەوتوون.


پارتی و یەکێتی؛ لەکێبڕکێوە بۆ قۆڵبادانی یەکتری

د.فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق کاندیدی پارتییە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، نزار ئامێدیش تەنها کاندیدی یەکێتییە بۆ ئەو پۆستە، ژمارەیەک کاندیدی تری کوردیش چوونەتە نێو کبڕکێکەوە.

پارتی بەچڕی کار بۆ سەرخستنی فواد حسێن و بردنی پۆستی سەرۆک کۆمار دەکات، لەکاتێکدا پێشتر ئەو حزبە وەرگرتنی پۆستەکەی رەتدەکردەوە و داوای کاندیدی تەوافقی دەکرد.

پارتی و یەکێتی بەجیا لۆبی بۆ سەرخستنی کاندیدەکانیان دەکەن، هەردوو کاندیدەکەش لەنێو لایەنە عێراقییەکاندا پاڵپشت و نەیاریان هەیە، بۆیە دواجار چارەنوسی ئەو پۆستەی پشکی کوردە خرایە دەست لایەنە عێراقییەکان.

رۆیشتنی کورد بۆ کێبڕکێی سەرۆک کۆمار بەپەرتەوازەیی لەکاتێکدایە، سونە بە رێککەوتن و شیعەش بە رای زۆرینە کاندیدەکانیان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران یەکلایی کردەوە.

لەئێستادا چارەنوسی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لای لایەنە عێراقییەکانە، بەوەی لەنێوان پارتی و یەکێتیدا کامیان هەڵدەبژێرن و کاندیدی کامیان دەبەنە کۆشکی سەلام لەبەغدا.

سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: نزار ئامێدی تاکە کاندیدی یەکێتییە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار.


پۆستی سەرۆک کۆمار و سیناریۆکان

ئەگەر لەنێوان پارتی و یەکێتیدا رێککەوتن لە دوا ساتەکاندا نەیەتە ئاراوە، ئەوا پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کاندیدی یەکێک لەو دوو لایەنە یان سیناریۆی 2021 دووبارە دەبێتەوە و بازەکە لەسەر شانی کاندیدێکی تری کورد دەنیشێتەوە.

جگە لە کاندیدەکانی پارتی و یەکێتی، موسەنا ئەمین، لەتیف رەشید، ئاسۆ فەرەیدون و عەبدوڵا عەلیاوایی دیارترین کاندیدە کوردەکانن، کە خوازیارن رێکنەکەوتنی یەکێتی و پارتی چانسێکیان بۆ گەیشتن بە کۆشکی سەلام پێبدات.

یەکێک لە سیناریۆکانی تر پەکخستنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارە لەرێگەی سێ یەکی پەکخەرەوە، بەوەی ئەگەر کەمتر لە 220 پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بن ئەوا نیساب دروست نابێت.

بەپێی پێشبینییەکان، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە گەڕی یەکەمدا قورس و زەحمەتە، بۆیە کێبڕکێکە دەچێتە گەڕەکانی تری هەڵبژاردنەوە و چاوەڕوانی ململانێی بەهێز لەنێوان پارتی و یەکێتی دەکرێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو