بۆچی نوری مالکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کاندید کرا؟
٢٥ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ١٢:٠١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هەرچەندە لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگیدا رای جیاواز لەسەر کاندیدکردنی نوری مالکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەبووە، بەڵام دواجار ناوبراو بووە کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.
بەپێی وتەی چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پەنجەرە، ئەو سەرکردانەی شیعە کە پشتگیری مالکییان کردووە، پێیانوابووە مەترسی لەسەر دەسەڵاتی شیعە هەیە و مالکی بۆ ئەم قۆناغە پێویستە.
سەرچاوەکان دەڵێن، مالکی پیاوێکی تایەفیی خاوەن بڕیارە بۆیە لەلایەن بەشێک لەسەرکردە شیعەکانەوە پاڵپشتی لێکراوە، بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق.
دەشڵێن، پێشوەخت رای مەرجەعییەت لەسەر کاندیدکردنەوەی مالکی وەرگیراوە، مەرجی مەرجەعییەت رێککەوتنی لایەنەکان و پاراستنی یەکڕیزی عێراق بووە لەم دۆخەدا.