بۆهاوسەنگکردنی بەرژەوەندی تورکیا و ئیسرائیل چۆن کورد کرایە قوربانی؟
٢٤ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ١٢:٣٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەنێو ئەو ململانێ تایەفی و نەتەوەییانەی دوای رووخانی رژێمی ئەسەد لە سوریا دروست بوون، چاوەکان لەسەر پاڵپشتی زیاتری ئەمەریکا بوون بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات، بەڵام دوای رێککەوتنی ئیسرائیل و دیمەشق هەموو هاوکێشەکان پێچەوانە بوونەوە.
ئەوەی لە سوریا دەگوزەرێت هەر لە پشتکردنە هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە تا دەگاتە ئازادکردنی سەدان زیندانیکراوی د۱عـ.،ـش و پاڵپشتی ئەمەریکا بۆ دیمەشق بۆ چاودێران مایەی سەرنجە، بەوپێیەی هەڵوێستی ئەمەریکا زۆر بەخێرایی گۆڕدرا.
دوای کشانەوەی هەسەدە لە ناوچە عەرەبنیشینەکان و پێشڕەوی گروپە چەکدارە سورییەکان، تۆم باراک نێردەی ئەمەریکا لە سوریا ڕایگەیاند: ڕۆڵی هەسەدە وەک هێزێکی سەرەکی لە بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی د۱عـ.،ـش کۆتایی هاتووە.
ئەم لێدوانە پەردەی لەسەر دانوستانە شاراوەکان زیاتر هەڵماڵی، بەوەی ئەوەی روویدا دەرئەنجامی رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی بوو، کە کورد تێیدا قوربانی سەرەکی بوو.
ناوەڕۆکی دانوستانە نهێنییەکان ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن، ئەمەریکا کار بۆ هاوسەنگ کردنی بەرژەوەندی ئیسرائیل و تورکیا لە سوریا دەکات، هەروەها لەنێوان کورد و تورکیاشدا ئەمەی دووەمیانی هەڵبژارد.
بەشێک لەچاودێران پێیانوایە ئەوەی لە سوریا روویدا وەشاندنی گورز بوو لە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل، بەوپێیەی ئیسرائیل لەگەڵ بەهێزبوونی دیمەشق دا نییە و پێشتریش پاڵپشتی تایەفەی درووزی کردووە.
لەکاتێکدا بەشێکی تر لە چاودێران بەوجۆرە لە دۆخی سوریا دەڕوانن، ئەمەریکا بەرژەوەندی تورکیا و ئیسرائیلی بە کردنە قوربانی کورد هاوسەنگ کردووە، بەوەی بەشێک لە خاکی سوریای بۆ ئیسرائیل مسۆگەر کردووە و تورکیاشی بە پشتکردنە کورد رازیکرد.
دەوترێت تورکیا لاری نەبووە لە بردنی خاکی سوریا لەلایەن ئیسرائیلەوە بەو مەرجەی ئەو وڵاتە لە سنورەکانی نزیک نەبێتەوە، هەروەها ئیسرائیلیش لەڕێگەی هەڵبژاردنی بێدەنگییەوە رەزامەندی دەربڕی لەسەر پرۆسەی لە قاڵبدانی هەسەدە.