سوریا؛ لە کێبڕکێی ئێران و تورکیاوە بۆ ململانێی کەنداو و تورکیا
٢٤ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ١٢:٢٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئەگەر لەرابردوودا، سوریا گۆڕەپانی ململانێی نێوان تورکیا و ئێران لەلایەک و ئێران و کەنداو لەلاکەی تر بووبێت، ئەوا ئێستا شێوازی ململانێکان لەو وڵاتە گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە.
تەماعی تورکیا؛ لە سەربازییەوە تا ئابووری
تورکیا بە سودمەندترین وڵات لە دۆخی سوریا دادەنرێت، لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد و دەسەڵات گرتنە دەست لەلایەن دەستەی تەحریر شامەوە.
ئەو هێزانەی ئێستا لە سوریا جڵەوی دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست، پێشتر لە ناوچە سنورییەکانی تورکیا بوون، لەلایەن ئەو وڵاتەوە پاڵپشتی دەکران و ئەمەش وایکردووە تا ئێستا لەژێر هەژموونی تورکدا بن.
زۆرترین ئەو کەسانەی پۆستە باڵانی سوریایان لایە، هەر لە وەزیری ناوخۆ و بەرگرییەوە تا دەگاتە وەزیری دەرەوە نزیکن لە تورکیاوە و بەپێی خواستی ئەو وڵاتە جموجۆڵی سیاسی و سەربازی ئەنجام دەدەن.
دوای رووخانی ئەسەد و لەرێگەی هێرشەکانی ئەم مانگەوە بۆ سەر هەسەدە، تورکیا توانی جوڵەیەکی سیاسی و سەربازی گەورە ئەنجام بدات بۆ لاوازکردنی کورد لە سوریا، تا ئێستا سەرکەوتوو بووە لە جوڵەکانی هەرچەندە هێشتا ئەنجامەکەی دیار نییە.
ئامانجی سەرەکی تورکیا لە هێرشکردنە سەر کورد بۆ کۆنترۆڵ کردنی سنورەکانیەتی لەلایەن حکومەتی سوریاوە، ئەمە جگە لەوەی نایەوێت بەربەستی کوردی لەنێوان وڵاتەکەی و دونیای عەرەبیدا بمێنێت.
لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر سەربازی تورکیا لە باکووری سوریا ئامادەگییان هەیە و باس لە ڕێککەوتنی بەرگری تورکیا و سوریا دەکرێت، ئەمە جگە لەوەی پلانی دامەزراندنی بنکەی ئاسمانی و دەریایی تورکیا لە ناوخۆی سوریادا هەیە.
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی تورکیا لە ئێستادا بەرپەرچدانەوەی هێزە کوردییەکانی سوریایە لەڕێگەی شەڕەوە، کە پێشتر بەشێکی زۆری باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریایان کۆنترۆڵکردبوو، بەڵام ئێستا پاشەکشەیان پێکرا بۆ ناوچە کوردستانییەکان.
هەر لەبەر ئەم هۆکارەش تورکیا پشتیوانی لە پێکهێنانی حکومەتی ناوەندی لە سوریا کرد و جێبەجێکردنی سیستەمی فیدراڵی لەو وڵاتە و خۆبەڕێوەبەری پێکهاتەکانی رەتکردەوە.
هەروەها دەرفەتی ئابووری بۆ تورکیا له سوریا رەخساوە، پێشتر تورکیا هەناردەکاری سەرەکی کاڵاوشمەک بوو بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دەستەی تەحریر شام، بەڵام ئێستا ئەوە بۆ هەموو سوریا دەکات و چاوی لەوەیە کۆمپانیاکانی رۆڵێکی گەورەیان لەو وڵاتە پێبدرێت.
کەنداو؛ نیگەرانی لە هەژموونی تورکیا
ئەگەر لەرابردوودا، وڵاتانی کەنداو نیگەران بووبن لە هەژموونی ئێران بەسەر سوریاوە، ئەوا لە ئێستادا جوڵەی تورکیا بۆ ئەوان مایەی نیگەرانییە.
سعودیە و قەتەر کە هۆکاری لابردنی گەمارۆکانی سەر سوریا بوون، هەروەها پاڵپشتییەکی گەورەی سیاسی و سەربازی پێشکەش بە دیمەشق دەکەن، چاویان لەگێڕانەوەی سوریایە بۆ باوەشی کۆمەڵگەی عەرەبی.
ئەگەر تورکیا چاوی لەسەر سودمەندبوون بێت لە دۆخی ئابووری سوریا، ئەوا وڵاتانی کەنداو تا ئێستا بڕێکی زۆر پارەیان بەدیمەشق داوە.
لەکاتێکدا تورکیا هەژموونی بەسەر فەرماندە سەربازی و هێزە سورییەکاندا هەیە، سعودیەش لەرێگەی خودی شەرع و خێڵە عەرەبییەکانەوە هەوڵی هەژموونی زیاتر دەدات.
بۆیە لە ئيستادا شێوازی ململانێکان لە سوریا گۆڕاون، خەریکە لە ململانێی عەرەبی- ئێرانییەوە بۆ ململانێی عەرەبی - تورکی دەگۆڕدرێن.
ئێران روسیا؛ لەهەژموونەوە بۆ بیدەنگی
ئێران و روسیا وەک زەرەرمەندترین دوو هێز لە دۆخی نوێی سوریا هەژمارد دەکرێن، بەوپێیەی لەسەردەمی ئەسەددا ئەوان بەهێزترین هەژموونیان لەو وڵاتە هەبوو، بەڵام ئێستا کەمترین کاریگەرییان هەیە.
هێشتا دیپلۆماسیەتی ڕوسی لە سوریادا چالاکە و ئەو وڵاتە بنکەی سەربازی لە سوریا هەیە، ئەمە جگە لەوەی هەوڵی دەمەزەرد کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە دەدات.
لەکاتێکدا دۆخەکە بۆ ئێران جیاواز و خراپترە و هیچ کاریگەرییەکی بەسەر سوریای نوێوە نەماوە، هەرچەندە ناو بەناو هەوڵدەدات لەرێگەی عەلەوییەکانەوە بۆ نێو گۆڕەپانەکە بگەڕێتەوە.
ئێران پێشتر وەکو زلهێزێک خۆی وێنا دەکرد و هەوڵی پەلهاویشتنی بۆ ناوچەکە دەدا، بەڵام لەئێستادا هەوڵەکانی بۆ مانەوەی دەسەڵات لە تاران و پاراستنی رژێمەکە کورت بووەتەوە.
بەهۆی ئەو دۆخە خراپەی دووچاری ناوخۆی وڵاتەکەی بووە، ئێران کەمترین هەڵوێستی لەسەر رووداوەکانی ئەم دواییەی سوریا هەبوو، لەکاتێکدا لەسەردەمی ئەسەددا خاوەندارێتی ئەو وڵاتەی دەکرد.