لایەنە شیعەکانی عێراق؛ لەنێوان ترس لە پیلانگێڕی و چاودێری سونەدا
٢٣ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ١٢:٥٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لایەنە شیعەکانی عێراق ترسیان لە بارودۆخی سوریا و ناوچەکە هەیە، بۆیە لەسەر چەندین ئاستی جیاواز ئامادەکارییان بۆ رووداو و پێشهاتە سیاسی و سەربازییەکان کردووە.
ئامادەکاری سەربازی
زۆربەی هێزە شیعەکان رەوانەی ناوچە سنورییەکانی سوریا کراون، ئەمەش لەچوارچێوەی گرتنەبەری رێوشوێنی سەربازی بۆ پاراستنی ناوچە سنورییەکان و رێگرتن لە دزە کردنی چەکدارانی داعش.
مارشی گروپە چەکدارە سونەکانی سوریا سەبارەت بە هاتنیان بەرەو کەربەلا، هێندەی تر هێزە شیعەکانی نیگەران کردووە و پێیانوایە عێراق لەنێو چوارچێوەی ئەو پیلانگێڕییەدایە کە هەسەدەی پێکرایە قوربانی.
ترسی لایەنە شیعەکان لە گواستنەوەی ئاڵۆزی لە سوریاوە بۆ عێراق جگە لەوەی سەرکردە سیاسییەکانی خستووەتە جموجۆڵ، هاوکات موقتەدا سەدری ناڕازی لە دۆخی سیاسی عێراقیش هاتووەتە سەر هێڵ و چاودێری دۆخەکە دەکات.
لایەنە شیعەکان؛ ترس لە پلانی دەرەکی
لایەنە شیعەکانی عێراق رووداوەکانی سوریا بەرووداوێکی سیاسی و سەربازی ئاسایی نابینن، بەڵکو پێیانوایە پێشهاتەکان لەچوارچێوەی رووداوی گەورەتردان و گرێدران بە دۆخی عێراقیشەوە.
لایەنە شیعەکان پێیانوایە رووداوەکانی سوریا بە پیلانی کەنداو و تورکیا و بەهەماهەنگی ئیسرائیل و ئەمەریکا ئەنجامدراون، بۆیە ترسیان هەیە لەوەی دوای سوریا ئاراستەی گروپە توندڕەوەکان بەرەو عێراق بێت.
بەبڕوای لایەنە شیعەکان، تورکیا و کەنداو دەیانەوێت دۆخی تایبەتی ئێران بقۆزنەوە بۆ هەژموونی زیاتر بەسەر ناوچەکەدا، لەو چوارچێوەیەدا دەیانەوێت دەستیان بە عێراقیش بکات.
ئەوان بەوجۆرە لە دۆخەکە دەڕوانن، لەمکاتەدا بەرژەوەندی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەگەڵ تورکیا و کەنداو یەکانگیر بووە، بۆیە بەهەموویانەوە چاویان لەسەر عێراقە و هەنگاوی داهاتوویان دژی حوکمڕانی شیعە دەبێت.
عەرەبی سونە
دۆخەکە لەهەمووان زیاتر بۆ عەرەبی سونە مایەی خۆشحاڵییە، چونکە ئەوان جگە لەوەی بەو دۆخەی ئێستای سوریا دڵخۆشن لەهەمانکاتدا چاویان لەسەر ئەوەیە دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت و جوڵە بکەن.
لایەنە شیعەکان لە خواستی عەرەبی سونە تێگەیشتوون و پێیانوایە، سونەکان بەهێزبوونی تورکیا و کەنداو وەکو دەرفەت بۆ جوڵەکردن لە دژی شیعە دەبینن، بۆیە شیعەکان سونەکانیان خستووەتە ژێر چاودێرییەوە.
عەرەبی سونە لە رابردوودا پەرت و بڵاو و ژێر دەستەی هێزە شیعەکان بوون، لەکاتێکدا دۆخی ناوچەکە لە ئێستادا لەبەرژەوەندیاندایە و دەرفەتەکان بقۆزنەوە، ئەگەرچی بەوریاییەوە مامەڵە دەکەن و ترسیان لە سەرنەگرتنی جوڵە و رقی زیاتری شیعە هەیە.