رۆژئاوای کوردستان لەبەردەم چارەنوسێکی لێڵدا
٢٣ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ١٢:٥٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
تا دێت دۆخی روژئاوای کوردستان ڕوو لە ئاڵۆزی زیاتر دەکات، گروپە چەکدارە سورییەکان فشاری زیاتر دەکەن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش وەکو بەشێک لە پلانەکە، هەوڵی چەسپاندنی خواستەکانی دیمەشق دەدات.
رۆژئاوای کوردستان و پیلانگێڕی
ئەو دۆخەی لە ڕۆژئاوای کوردستان دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە دەگوزەرێت، بەشێکە لە پلانێکی گەورەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، بۆ لاوازکردنی کورد و بەهێزکردنی حکومەتی ناوەندی سوریا.
هەریەک لە سعودیە و قەتەر بەشێکی سەرەکین لە جێبەجێکردنی پلانەکە و بڕێکی زۆر پارەیان بۆ سوریا تەرخانکردووە، بۆ ئەوەی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی کورد بەکاری بهێنێت.
تورکیا بەشی سەرەکی پلانەکەیە و کارەکتەری جێبەجێکار و چاودێریکار و هاوکات ئامرازی فشاریشە، بۆیە جێبەجێکردنی پلانە گەورەکە لەدژی کورد ئەو وڵاتە ڕۆڵی گەورەی هەبووە تێیدا.
دوای ئەوەی رازیکرا و رووبەرێکی فراوان لە زەوی سوریای بۆ بەجێهێڵرا، ئیسرائیلیش بووە بەشێک لە پلانەکە و رازیکرا، لەکاتێکدا ئەمەریکا سەرپەرشتیاری جێبەجێکردنی کۆی پرۆسەکەیە.
داهاتووی رۆژئاوای کوردستان
توانای سەربازی و لۆجستی و دارایی هێزەکانی سوریای دیموکرات لاوازە بەرامبەر بە گەورەیی پیلانگێڕییەکە، بۆیە هەموو هەوڵەکانی بۆ دەربازبوونە لە پێشهاتە مەترسیدارەکان بە سەلامەتی.
هێشتا ناوچەکانی حەسەکە و قامیشڵۆ لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدان و چارەنوسی کۆبانی گەمارۆ دراویش نادیارە، ئاماژەکان دەڵێن بەشێکی زۆری پیلانگێڕییەکە ماوە بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت.
مانەوەی بەشێک لە ناوچە کوردییەکان لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدا، بەڵام بەو مەرجەی هێزی سوریا بڕواتە ئەو ناوچانە و فەرمانگەکان بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە یەکێکە لە سیناریۆکان.
کۆنترۆڵکردنی سنورەکان، لاوازکردنی کارتەکانی دەست هەسەدە، نەهێشتنی هیچ شەڕڤانێکی کوردی پارچەکانی تر لە ڕۆژئاوا، کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە لەڕووی ئابووری و کارگێڕی و سەربازییەوە ناوەڕۆکی کۆی پیلانەکان پێکدەهێنن.
چاوەڕوان دەکرێت دۆخی رۆژئاوای کوردستان بۆ کورد قورستر و ئاڵۆزتر بێت، بەوپێیەی ئەو زلهێزانەی داڕێژەی پیلانەکانن هێشتا سورن و دەیانەوێت پیلانگێڕییەکە تەواو بکەن.