شیعە چاودێری جموجۆڵی سونەی عێراق دەکات
٢١ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ١٢:٤٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
جموجۆڵە سەربازییەکانی عەرەبی سونە لە سوریا بەلای شیعەی عێراقەوە مایەی ترس و گومانە، بۆیە هاوکات لەگەڵ توندوتۆڵکردنی ناوچە سنورییەکان لەلایەن لایەنە شیعەکانەوە چاودێری جوڵەی سونەکان دەکرێت.
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی رەوتی حیکمەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم دەڵێت، جم وجۆڵی حزب و لایەنە سونەکان لە چوارچێوەی پرۆسەی دیموکراسی عێراقدان و حاڵەتێکی ئاسایین، پەیوەندییەکی باشیش لە نێوان لایەنە سونی و شیعەکاندا هەیە.
د. محەمەد حسام، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی، دەڵێت: پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری عێراق جیاوازە، بۆیە جوڵەی عەرەبی سونە ئاساییە و لە چوارچێوەی پرۆسەی دیموکراسیدایە.
دوای ڕووخانی رژێمی ئەسەد و گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن دەستەی رزگارکردنی شامەوە، جم و جۆڵی عەرەبی سونە بەراورد بە جاران زیادیکردووە.
لایەنە سونەکانی عێراق نایشارنەوە خۆشحاڵن بە بەهێزبوونی پێگەی عەرەبی سونە لە سوریا، لەکاتێکدا لایەنە شیعەکان نیگەرانن لە بارودۆخی نوێی سوریاو ترسیان لە پەڕینەوەی گۆڕانکارییەکان بۆ عێراق هەیە.
ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردەی عەرەبی سونە، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: عەرەبی سونە لە چوارچێوەی پرۆسەی دیموکراسیدا کاری خۆی دەکات.
ترسی لایەنە شیعەکانی عێراق لە دۆخی سوریا کۆمەڵێک رەهەندی هەیە، بەهێزبوونی سونە لە سوریا هاندەر بێت بۆ جوڵەی سونە لە عێراق، هەروەها گروپەکانی سوریا لە دژی بەکاربهێنرێت...
محەمەد حسام دەڵێت: هێزە سیاسییەکان بەکوردو سونەو شیعەوە بەشدارن لە پرۆسەی سیاسی عێراق و باوەڕیان بە بنەماکانی پرۆسەی سیاسی هەیە، ئەمە جگە لەوەی شەریکی بنەڕەتین و جوڵەکانیشیان لەم چوارچێوەیەدایە.
سەبارەت بە ترسی لایەنە شیعەکان لە دۆخی عێراق و جم و جۆڵی سونەکان، دکتۆر محەمەد حسام وتی: ترس لە ئارادا نییەو پەیوەندی نێوان لایەنەکان باشە، بە پێچەوانەوە جموجۆڵەکان ئاماژەن بۆ دروستی پرۆسەی سیاسی.