شەڕ لە سوریا و ئامادەکاری لە عێراق؛ شیعە بۆنی پیلانگێڕی گەورە دەکات
٢١ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ١٢:٣٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
حکومەتی عێراق ترسی لە پەڕینەوەی تیرۆر لە سوریاوە بۆ عێراق و ئاڵۆزتربوونی دۆخی ئەمنی ناوچەکە هەیە، بۆیە سەرقاڵی ئامادەکاری و گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنییە.
عێراق لەرێگەی ناردنی هێزی زیاترەوە بۆ ناوچە سنورییەکانی سوریا، سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ناوچە سنورییەکانە و ئامادەکاری دەکات بۆ هەر رووداو و پێشهاتێک.
لەکاتێکدا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق ناکۆکە، بەڵام موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر پەیوەندی بە فەرماندە سەربازییەکانی عێراقەوە کرد، وەکئەوەی درکی بە ئاڵۆزی دۆخەکە و مەترسی پێشهاتەکان کردبێت.
نەجات حسێن، سەرکردەی شیعەی تورکمان، بە پەنجەرەی راگەیاند: گروپە چەکدارە سورییەکان داعشن و جلەکانیان گۆڕیووە.
وتیشی: ئەوان سرودی هاتن بەرەو کەربەلا لێدەدەن، چونکە بەلای ئەوانەوە شیعە کافرە.
ترسی عێراق لە شەڕی سوریا بۆ نێو وڵاتەکەی لەکاتێکدایە، لە ساڵی 2014 داعش لە سوریاوە بۆ عێراق پەڕییەوەو بەشێکی زۆر لە ناوچە سونەنیشینەکانی عێراقی کۆنترۆڵکرد، بۆیە لە ئێستادا عێراق ترسی لە دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆ هەیە.
ئاڵۆزییەکانی نێو سوریاو دەستگەیشتنی گروپە چەکدارەکان بە سنوری عێراق، تەنانەت ئەو جوڵەی خستووەتە نێو ئەو میلیشیا شیعانەش کە بۆ لادان لە فشاری نێودەوڵەتی ماوەیە بێدەنگییان هەڵبژاردووە.
بەرپرسێکی باڵای شیعە دەڵێت: عێراق ترسی لە ئاڵۆزتربوونی دۆخی سوریا هەیە، چونکە ئەمەریکا و تورکیا لەناو هاوکێشەکەدان.
دەشڵێت:عێراق ترسی هەیە لەوەی پاڵنەرە ئیقلیمییەکان جوڵە بەو گروپانە بکەن بە ئاراستەی وڵاتەکەی، بۆیە ڕێوشوێنی گرتووەتەبەر.
ترسی عێراق لە رووداوەکانی سوریا ئەحمەد شەرع ی ناچار کرد پەیوەندی بە سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بکات و لەبارەی دۆخەکەوە دڵنیایی پێبدات.
بەڵام نەجات حسێن دەڵێت: ئەوان نە وەفا، نە بەڵێن، هیچیان نییە و نابێت متمانەیان پێبکرێت.