رۆژئاوای کوردستان لەبەردەم پیلانگێڕیدا؛ ئایا کورد دەبێتە قەڵغانی پاراستنی؟
٢١ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ١٢:١٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەکاتێکدا رۆژائاوای کوردستان خەریکە دەکرێتە قوربانی پیلانگێڕییەکی گەورەی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی، بەڵام ناڕەزایەتی بەرفراوان لەنێو کوردانی هەرێمدا سەریهەڵداوە و خۆپیشاندان بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی گرتووەتەوە.
باشووری کوردستان؛ لەنێوان بەرگریی و ترس لە چارەنوسدا
ناڕەزایەتی دژی ئەو پیلانگێڕییەی بەرامبەر رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدراوە، بۆ یەکەمجارە دانیشتوانی هەرێمی کوردستان و ڕای حزب و لایەنەکانی یەکخستووە و کۆدەنگی دروستکردووە.
جگە لەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانەی شەوی رابردوو کە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی گرتەوە، بەشێک لە هاوڵاتییانیش بەرەو سنورەکانی رۆژئاوا بەڕێککەوتوون و ژمارەیەک گەنجیش خۆیان گەیاندووەتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە.
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، بەشێکی گەورەی پەیوەندی بەهاوسۆزی و کوردبوونەوە هەیە، بەڵام بەشەکەی تریشی گرێدراوە بە لێکەوتەکانی پیلانگێڕییەکە لەسەر هەرێمی کوردستان.
رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئاماژەی بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان کردووە و مەترسی خۆشی پیشانداوە لەوەی ئاڵۆزییەکان سەر بۆ بەرپابوونی شەڕی کورد و عەرەب بکێشێت.
لایەنە سیاسییەکان و کۆدەنگی
لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان گیرۆدەی دەست ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان بووە، بەڵام رووداوەکانی رۆژئاوای کوردستان هەڵوێستی لایەنە ناکۆکەکانی یەکخست و هەمووان چوونەتە سەنگەری بەرگرییەوە.
کاردۆ محەمەد، نوسەر و راگەیاندکار، دەڵێت: پێویستە لایەنە کوردییەکان هەڵوێستیان یەکبخەن و فشاری نێودەوڵەتی دروست بکەن، پەلەش بکەن لە کاراکردنەوەی پەرلەمان و بەکارهێنانی شەرعییەتی پەرلەمان بۆ دەرکردنی بڕیاری نەتەوەیی هاوشێوەی سەردەمی کۆبانی.
دەشڵێت: دەبێت هەرێم هەماهەنگی هەواڵگیری و سەربازی پێشکەش بە شەڕڤانان بکات، ئەمە جگە لە کردنەوەی دەروازە سنورییەکان و گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە رۆژئاوا.
بەڕای چاودێرانی سیاسی، شکستهێنانی هەسەدە مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستانیش دروست دەکات، بەوپێیەی گروپە چەکدارەکان دەگەنە سنورەکانی و کێشە بۆ هەرێم دروست دەکەن.
کاردۆ محەمەد دەڵێت: جوڵەی دیپلۆماسی سەرکردایەتی هەرێم لەمکاتەدا گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکانی رۆژئاوا و پاراستنی سەقامگیرییەکەی.