ئەمەریکا چۆنچۆنی گەمارۆی گەرووی هورمز دەدات؟
١٣ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٠٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دۆناڵد ترەمپ بڕیاریداوە لە کاتژمێر (٥)ـی ئێوارەی ئەمڕۆوە گەمارۆی دەریایی بەسەر گەرووی هورمزدا بسەپێنێت و ڕێگە بەهیچ کەشتییەک نەدات نە لە بەندەرەکانی ئێرانەوە دەرچێت و نە بۆ بەندەرەکانیشی بچێت.
بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: واشنتۆن چۆن دەتوانێت ئەم گەرووە گرنگە کۆنتڕۆڵ بکات بەبێ ئەوەی خۆی و جیهان تووشی شەڕ و قەیرانێکی گەورە و وێرانکەر نەکات؟
"خنکاندنی بژاردەکراو"
بەپێی زانیارییە سەربازییەکان، ئەمەریکا پەنا بۆ ستراتیژێکی نوێ دەبات کە بە "خنکاندنی بژاردەکراو (Selective Choking)" دەناسرێت.
بەپێی پلانی پنتاگۆن، گەمارۆکە فیلتەرکردنێکی وردی کەشتییەکانە، بەشێوەیەک هەر کەشتییەک ئاڵای ئێرانی پێوە بێت یان خاوەندارێتییەکەی بۆ تاران بگەڕێتەوە، ڕێگەی لێ دەگیرێت و دەستبەجێ دەگەڕێندرێتەوە یان دەستی بەسەردا دەگیرێت.
هاوکات ئەو کەشتییە بیانییانەی (وەک پاپۆڕە چینی و هیندییەکان) کە ڕوو لە بەندەرەکانی ئێران دەکەن، ڕووبەڕووی پشکنین و ڕاگرتن دەبنەوە.
لەگەڵ ئەمەشدا ئەمەریکا ڕێڕەوی تایبەت بۆ ئەو کەشتیانە دەهێڵێتەوە کە بەرەو سعودیە، ئیمارات، کوەیت و عێراق دەچن، بۆ ئەوەی دڵنیایی بداتە هاوپەیمانەکانی کە بازرگانیی ئەوان زیانی پێ ناگات.
جێبەجێکردنی گەمارۆکە
فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا (CENTCOM) سەرپەرشتی پرۆسەکە دەکات و پشت بە سیستمێکی پێشکەوتووی چاودێری دەبەستێت، لەوانە سیستمی AIS، بەشێوەیەک هەر کەشتییەک سیستمە دیجیتاڵییەکەی (Automatic Identification System) بکوژێنێتەوە یان شوێنی خۆی بشارێتەوە، دەبێتە ئامانجێکی گوماناوی و هێزی دەریایی ئەمەریکا دەچێتە سەری بۆ پشکنین.
هەروەها سینتکۆم وێنەی ڕاستەوخۆی مانگە دەستکردەکان بەکاردێنێت بۆ شوێنکەوتنی هەر جوڵەیەک کە لە بەندەرەکانی ئێرانەوە دەستپێدەکات.
یەکێک لە خاڵە هەرە توندەکانی بڕیارەکەی ترەمپ، ڕێگریکردنە لەو پارەیەی کە ئێران وەک "سەرانە" یان "ڕەسمی تێپەڕبوون" لە کەشتییەکان وەریدەگرێت. بۆ جێبەجێکردنی ئەمەش، تیمە تایبەتەکانی هێزی دەریایی ئەمەریکا (Navy SEALs) لە ڕێگەی هەلیکۆپتەر و بەلەمی خێراوە دەچنە سەر ئەو کەشتیانەی گومانیان لێ دەکرێت "سەرانە"ـیان بە ئێران دابێت.
هاوکات کەشتییە جەنگییەکانی ئەمەریکا (تێکشکێنەر و کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکان) لە خاڵە هەرە تەسکەکانی گەرووەکەدا جێگیر دەبن بۆ ئەوەی وەک "خاڵی پشکنین" کار بکەن.
ئەمە جگە لەوەی سوپای ئەمەریکا ناوچەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە دەوروبەری کەناراوەکانی ئێران ڕادەگەیەنێت. هەر کەشتییەک بچێتە ناو ئەو ناوچەیەوە بەبێ مۆڵەتی ئەمەریکا، وەک کەشتییەکی نایاسایی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. ئەمەش بۆ ئەوەیە کە کەشتییە ئێرانییەکان نەتوانن لەناو کەشتییە مەدەنییە نێودەوڵەتییەکاندا خۆیان بشارنەوە.
کەشتییە بە ئامانج گیراوەکان، یان لە ناوەڕاستی دەریادا دەستبەسەر دەکرێن، یان پەلکێش دەکرێن بۆ کەناراوی ئەو وڵاتانەی دۆستی ئەمەریکان.
ئالەنگارییەکان؛ ئایا ئەم پلانە سەردەگرێت؟
شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە جێبەجێکردنی ئەم گەمارۆیە لە ڕووی تەکنیکییەوە گرانە.
یەکێک لە هۆکارەکان تەسکیی گەرووەکەیە کە پانییەکەی لە هەندێک شوێندا تەنها ٣٣ کیلۆمەترە، ئەمەش وادەکات هەر پێکدادانێکی بچووک هەموو هاتوچۆیەک تیایدا پەکبخات.
هاوکات خاڵی هەرە کارا ئەوەیە ئێران دەستەوەستان نابێت، بەڵکو وەڵامی دەبێت، چونکە وەک پێشتر وتویەتی، ئەگەر ئەو نەوت نەفرۆشێت، ئەوا ناهێڵێت دراوسێکانیشی بیفرۆشن.
بەرپەرچدانەوەی ئێرانیش لەچەندین ڕێگەوەیە، لەوانە چاندنی مینی دەریایی کە ئێران بە هەزارانی هەیە و زۆر لەم بوارەدا شارەزا و پێشکەوتووە، لەگەڵ بوونی بەلەمە خێراکان کە دەتوانن بە خێرایی دەستبوەشێنن و زیان بگەیەنن و بگەڕێنەوە.
ئەمە جگە لە بوونی مووشەکە بالیستییەکان و درۆنە خۆکوژییەکان کە دەتوانن زیانی زۆر بە کەشتییەکانی ئەمەریکا و سیستەمی بەرگریان بگەیەنن.
تاقیکردنەوەیەکی گەورە
ئەم گەمارۆیە تاقیکردنەوەیەکی گەورەی هێزی دەریایی ئەمەریکایە. واشنتۆن دەیەوێت بەبێ هەڵگیرساندنی جەنگێکی گشتگیر، شادەمارە دارایییەکانی تاران ببڕێت، بەڵام ئەم هەنگاوەش خۆی بۆ خۆی ریسک و مەترسی زۆری هەیە.
وەک شارەزایان ئاماژەی پێدەدەن، هێڵی جیاکەرەوەی نێوان "گەمارۆی سەرکەوتوو" کە ئەمەریکا دەیەوێت لەگەڵ "جەنگی وێرانکەر" کە نایەوێت، ئەگەر لە هەر شوێنێکی تردا ئەگەری سەرگرتنی بەهێز بێت، ئەوا لە گەرووی هورمزدا زۆر تەنکە، بەتایبەتی کە جگە لە ئێران، بەرژەوەندیی زلهێزەکانی تری وەکو چینی تێدەکەوێت کە کڕیارێکی سەرەکیی نەوتی ئێرانە.