جەنگی ترەمپ دژی ئێران؛ سەرکەوتن یان پاشەکشە؟

١٣ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٠٤ پاش نیوەڕۆ

جەنگی ترەمپ دژی ئێران؛ سەرکەوتن یان پاشەکشە؟

پەنجەرە

لەپاش راگەیاندنی ئاگربەست، یەکێک لەو پرسیارە سەرەکییانەی لە
میدیا جیهانییەکاندا دەوروژێنرێت، ئەوەیە کە ئایا ترەمپ لە شەڕی دژ بە ئێران بە براوەیی دەرچوو، یان بە نشوستی؟

هەندێک لە شرۆڤەکاران، لەمبارەیەوە چەند بۆچوونێکیان خستووەتەڕوو کە لە خوارەوە پوختی دەکەینەوە.

شکستی ئامانجە سەرەتاییەکان

کارلۆس لوزادا، نووسەری ناوداری ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ نووسەر ئی جەی دیۆن، ئاماژە بەوە دەکات کە پرسیارەکە لەسەر بردنەوەی سەربازی نییە، بەڵکو لەسەر پێگەی دەوڵەتە.

لوزادا پێیوایە ئیدارەی ترەمپ نەگەیشتە هیچ کام لە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی؛ نە ڕێگری لە پەرەپێدانی ئەتۆمی ئێران کرد، نە توانای موشەکیی ئەو وڵاتەی تێکشکاند و نە توانیشی پاڵ بە ناوخۆی ئێرانەوە بنێت بۆ ڕاپەڕین و گۆڕینی ڕژێم.

لوزادا ئەو دۆخە بە "جەنگی پەشیمانی" ناودەبات و دەڵێت: "واشنتۆن تەنها قەیرانێکی نوێی دروستکرد و دواتر داوای لە جیهان کرد وەک پێویستییەک مامەڵەی لەگەڵ بکەن."

بۆمبی زۆر و کارتی کەم

سیدنی بلومنتال، ڕاوێژکاری پێشووی کۆشکی سپی، لە وتارێکیدا لە ڕۆژنامەی "گاردیان" وێنایەکی وردی ترەمپ دەکێشێت و دەڵێت: "ترەمپ خاوەنی بۆمبەکان بوو، بەڵام خاوەنی کارتە براوەکان نەبوو."

بە بڕوای بلومنتال، ترەمپ وابیریکردبووەوە جەنگەکە چەند ڕۆژێکی کەم دەخایەنێت، بەڵام جوگرافیا و بەرژەوەندییەکانی بازاڕی جیهانی ڕاستییەکی تریان نیشاندا.

هەروەها پاتریک وینتۆر، ڕۆژنامەنووسی دیپلۆماسی لە "گاردیان" ئاشکرای دەکات کە ترەمپ دوای ئەوەی تێگەیشت دیپلۆماسییە زۆرەملێیەکەی شکستی هێناوە، لە ڕێگەی نێوەندگیری پاکستانەوە بەڵێنی گەورەی بە ئێرانییەکان داوە تەنها بۆ ئەوەی "دەرچەیەکی خێرا لەو تەڵەیە بدۆزێتەوە کە تێی کەوتبوو."

ململانێی ناوخۆیی و بڕیاری تاکڕەوانە

یەکێک لە خاڵە هەرە جێی سەرنجەکان، شێوازی بڕیاردان بوو لە ناو کۆشکی سپی. جۆناسان سوان و ماگی هابەرمان، ڕۆژنامەنووسانی ئەمریکی، ئاشکرای دەکەن کە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، وێنای جەنگێکی بۆ ترەمپ کێشاوە کە گوایە دەبێتە هۆی ڕووخانی ڕژێمی ئێران.

ئەمە لەکاتێکدا بووە کە کەسایەتییەکانی ناو ئیدارەکە وەک جەی دی فانس (جێگری سەرۆک) و مارکۆ ڕوبیۆ (وەزیری دەرەوە) گومانیان لەو ڕێڕەوە هەبووە.

کارلۆس لوزادا، نووسەری ناوداری ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"، لە گفتوگۆیەکدا ئاماژە بەوە دەکات کە ترەمپ بە لۆژیکی "هەموو شتێک باش دەبێت چونکە هەمیشە وایە" بڕیاری داوە، و زیاتر پشتی بە "هەستی شەخسی" خۆی بەستووە نەک دامەزراوەکان، ئەمەش وایکرد جارید کۆشنەر لە ژوورە هەستیارەکاندا بێت و بەرپرسانی وەک تولسی گابارد دووربخرێنەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو