هەڵبژاردن لە هەنگاریا و گورز لە ترەمپ و پوتین و نەتەنیاهۆ

١٣ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٠١ پاش نیوەڕۆ

هەڵبژاردن لە هەنگاریا و گورز لە ترەمپ و پوتین و نەتەنیاهۆ

پەنجەرە

ڕەنگە کەم ڕووداوی سیاسی وەک ئەوەی لە هەنگاریا گوزەرا، لە یەک کاتدا لێدان بێت لە سێ پایتەختی گرنگی دونیا کە واشنتۆن و مۆسکۆ و تەلئەبیبە و گورز بێت بۆ سێ سەرۆکی مشتومڕاویی کە ترەمپ و پوتین و نەتەنیاهۆیە.

چی ڕوویدا؟

لە وەرچەرخانێکی مێژووییدا کە بە "بومەلەرزەیەکی سیاسی" وەسف دەکرێت، ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا، دوای ١٦ ساڵ لە حوکمڕانیی بەردەوام، دۆڕانی خۆی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی وڵاتەکەیدا ڕاگەیاند.

ئۆربان کە ڕاستڕەوێکی پۆپۆلیستە و دۆستی ترەمپ و نەتەنیاهۆ و پوتینە و دژە ئەوروپاییە، بەرامبەر بە پارتی ئۆپۆزسیۆنی "تیسا (Tisza)" بە سەرۆکایەتی "پیتەر ماگیار" دۆڕا.

گورزێکی کوشندە بۆ هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان

دۆڕانی ئۆربان تەنها پرسێکی ناوخۆیی نییە؛ ئەمە گەورەترین شکستی سیاسییە بۆ تەیارە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی جیهان. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە تەنها دوو ڕۆژ پێش هەڵبژاردنەکە بەڵێنی دابوو تەواوی هێزی ئابووری ئەمریکا بۆ پاڵپشتی ئۆربان بەکاربهێنێت، ئێستا یەکێک لە نزیکترین هاوپەیمانەکانی لە ئەوروپا لەدەست داوە.

هاوکات، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، دۆستە دەگمەنەکەی لەناو یەکێتی ئەوروپا و ناتۆدا لەدەست دەدات.

لە ئیسرائیلیش، حکومەتەکەی بنیامین ناتانیاهۆ بە نیگەرانییەوە دەڕوانێتە ئەم گۆڕانکارییە، چونکە ئۆربان هەمیشە وەک ڤیتۆیەکی بەهێز دژی بڕیارە رەخنەییەکانی یەکێتی ئەوروپا بەرامبەر ئیسرائیل دەوەستایەوە.

ئەوروپا هەناسەیەکی ئارام هەڵدەکێشێت

بەنیسبەت ئەوروپاوە، ئەم سەرکەوتنەی ئۆپۆزسیۆن بە واتای کۆتاییهاتن بەو چەقبەستووییە سیاسییە دێت کە ساڵانێکە بەرۆکی هەنگاریای گرتووە.

چونکە کەوتنی ئۆربان، لابردنی ئەو بەربەستانە بوو کە ساڵانێکە دروستی کردبوون لەبەردەم ئەو قەرزە ٩٠ ملیار یۆرۆییەی کە بڕیارە یەکێتی ئەوروپا بیدات بە ئۆکرانیا.

هاوکات شکستی ئۆربان پەیامێکی بەهێزە بۆ حزبە ڕاستڕەوەکانی دیکەی ئەوروپا کە هەنگاریایان وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو دەبینی و ترەمپیش هێندەی تر هانی دەدان.

لەئاستی ناوخۆییشدا، ماگیار بەڵێنی کۆتاییهێنان بە گەندەڵی و خزمخزمێنەی دا.

هاوکات ئەو دەنگەی بەدەستیهێناوە وایلێدەکات بتوانێت ئەو بەندەی دەستوور لە پەرلەمانەوە بگۆڕێت کە تایبەتە بە ماوەی مانەوەی سەرۆکی وڵات و وایلێبکات لە ٨ ساڵ زیاتر نەبێت، بۆ ئەوەی کەسانی وەکو ئۆربان لە داهاتوودا کەڵکی لێ وەرنەگرن

لەلایەکی ترەوە یەکێتی ئەوروپا بڕە پارەیەکی زۆری هەنگاریای بەهۆی "پاشەکشەی دیموکراسی" سڕ کردبوو؛ ئێستا بە سەرکەوتنی ماگیار و بەڵێنی گەڕانەوە بۆ بنەماکانی سەروەری یاسا، ڕێگە بۆ ئازادکردنی ئەو پارانە خۆش دەبێت و وڵاتەکە بووژانەوەیەکی ئابووریی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو