نیسابی سیاسی بە مۆری دەسەڵاتی دادوەریی؛ چیرۆکی هەژموونی فایەق زەیدان
١٣ نیسان ٢٠٢٦ - ٧:٥٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە کاتێکدا عێراق لەبەردەم چەقبەستوویی سیاسی و یاساییدا بوو، فایەق زەیدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی، وەک کارەکتەری سەرەکیی یەکلاکردنەوەی ململانێکان بەنهێنی و لەپشت پەردەوە کەوتە جموجۆڵ.
زەیدان نەک تەنها وەک سەرۆکی باڵاترین دەسەڵاتی دادوەریی، بەڵکو وەک یاریزانێکی سیاسیی بەهێز ڕۆڵی گێڕا لە تێپەڕاندنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.
نیسابی یاسایی؛ کلیلی سەرکەوتنی زەیدان
کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممەی پەرلەمان، کە زۆرێک پێیانوابوو بەهۆی بایکۆتی لایەنەکانەوە شکشت دەهێنێت، بەڵام بەهۆی دەستوەردان و هەوڵەکانی فایەق زەیدانەوە نیسابی یاسایی تەواو کرا. ئەم جووڵەیە تەنیا ڕێکارێکی کارگێڕی نەبوو، بەڵکو پەیامێکی ڕوونی سیاسی بوو بۆ هەموو ئەو لایەنانەی دەیانویست پڕۆسەکە پەک بخەن.
پاڵنەرەکانی زەیدان
بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، سێ هۆکاری سەرەکی وایان لە زەیدان کرد تەواوی قورسایی خۆی لە پشت پەردەوە بخاتە کار:
* کاندیدی سێبەر بۆ سەرۆکایەتی حکومەت: دەنگۆیەکی بەهێز هەیە کە زەیدان چاوی لەوەیە "باسم بەدری" وەک کاندیدی سەرۆکوەزیران تێپەڕێنێت. سەرکەوتنی ئەم پلانە پێویستی بە هەبوونی سەرۆک کۆمارێک هەبوو کە متمانەی پێی هەبێت.
هەوڵەکانی فایەق زەیدان بۆ مسۆگەر کردنی پۆستی سەرۆکوەزیران بۆ باسم بەدری لەکاتێکدایە، پێدەچێت نوری مالیکی و محەمەد شیاع سودانی هەردووکیان ببنە قوربانی ناکۆکییە توندەکانی نێوانیان.
هیچکام لە سودانی و مالیکی بە هەوڵەکانی فایەق زەیدان و دەستوەردانی لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن ئاسودە نین، بۆیە پێدەچێت هەوڵی کێشکردنی ئەویش بۆ نێو ململانێکە و سوتاندنی کارتی کاندیدەکەی بدەن، دواجار ئەمەش لەبەرژەوەندی کاندیدێکی تر کۆتایی دێت.
* ململانێی "زەیدان - مالیکی": پەیوەندییەکانی نێوان سەرۆکی دادوەری و نوری مالیکی گەیشتووەتە ئاستی گرژیی بێوێنە. لە کاتێکدا مالیکی هەوڵی پەکخستنی کۆبوونەوەکەی دەدا، زەیدان وەک بەرپەرچدانەوەیەک هەموو هەوڵێکی دا بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکە ئەنجام بدرێت و هەژموونی خۆی بسەلمێنێت.
ناکۆکی نێوان مالیکی و زەیدان نوێ نییە و ماوەی چەند ساڵێکە ئەم ناکۆکییە بوونی هەیە، تەنانەت بەشێک لە سیاسییەکانی عێراق گومان دەکەن لێدوانە توندەکانی محەمەد حەلبوسی دژی کاندید کردنی نوری مالیکی دەستی زەیدانی لەپشتەوە بووبێت.
• پاراستنی پەرلەمان لە هەڵوەشاندنەوە: بەهۆی تێپەڕبوونی وادە دەستوورییەکان، مەترسییەکی ڕاستەقینە هەبوو لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان. زەیدان بۆ ڕێگری لە هەر پشێوییەکی یاسایی، فشارەکانی چڕکردەوە بۆ ئەوەی دامەزراوەی یاسادانان لەو بنبەستە ڕزگار بکات.
وتارەکەی زەیدان
تەنیا ٢٤ کاتژمێر پێش کۆبوونەوەکە، زەیدان وتارێکی سەبارەت بە "پابەندنەبوون بە دەقە دەستوورییەکان" بڵاوکردەوە. ئەم نووسینە تەنیا شیکارییەکی یاسایی نەبوو، بەڵکو "نەخشەڕێگایەکی سیاسی" بوو کە هۆشداری دایە لایەنەکان لە ئەنجامی بەردەوامبوونی فەوزای سیاسی.
ئێستا فایەق زەیدان وەک بەهێزترین کەسایەتیی عێراق دەردەکەوێت کە توانای کۆنترۆڵکردن و پاراستنی هاوسەنگیی لەنێوان دەسەڵاتی دادوەریی و کایەی سیاسییدا هەیە. ئەگەر بتوانێت کاندیدی دڵخوازی خۆی بگەیەنێتە کورسی سەرۆکوەزیران، ئەوا عێراق دەچێتە قۆناغێکەوە کە تێیدا "هێزی دادوەری" دەبێتە بڕیاردەری یەکەمی جومگە هەستیارەکانی دەوڵەت.