هاوسەنگیی هێز لە بەغدا؛ ئایا یەکێتی لە پەیوەندییەکانیدا سەرکەوتووترە؟

١٣ نیسان ٢٠٢٦ - ٧:٥٧ پاش نیوەڕۆ

هاوسەنگیی هێز لە بەغدا؛ ئایا یەکێتی لە پەیوەندییەکانیدا سەرکەوتووترە؟

پەنجەرە

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ـوە، کێبڕکێی نێوان جەمسەرە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ چەسپاندنی پێگەی خۆیان لە بەغدا بەردەوامە. لەم نێوەندەدا، پرسی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق وەک سەنگەری یەکلاییکەرەوەی ململانێکان دەردەکەوێت، کە تێیدا یەکێتی نیشتمانیی کوردستان توانیویەتی تائێستا ئەو پێگەیە بۆ خۆی بپارێزێت.

ستراتیژیەتی یەکێتی: میراتی جەلال تاڵەبانی و واقیعی جوگرافی

پەیوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ لایەنە شیعەکانی عێراق کە نزیکن لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، مێژوویەکی دێرینی هەیە کە بۆ سەردەمی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری کۆچکردووی حزبەکە دەگەڕێتەوە. ئەم پەیوەندییانە تەنها سیاسی نین، بەڵکو ڕەهەندێکی جوگرافییان هەیە؛ هاوسنووریی "زۆنی سەوز" لەگەڵ ئێران وایکردووە ئەم لایەنە زیاتر لە واقیعی هاوکێشە ناوچەییەکان تێبگات.

لە دوای ساڵی ٢٠٠٩ و گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی هەرێم، یەکێتی هەوڵیداوە لەرێگەی بەغدا و کەرکوکەوە ئەو لاسەنگییە هێزەی لە ناوخۆی هەرێم دروستبووە، قەرەبوو بکاتەوە.

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی ئێستای یەکێتی، بە هەمان نەفەسی باوکی کاردەکات، ئامادەیی بەردەوامی لە بەغدا و دروستکردنی پەیوەندیی تەلەفۆنی و هاوڕێیانە لەگەڵ سەرکردە شیعە و سوننەکان، متمانەیەکی وای دروستکردووە کە یەکێتی وەک لایەنێکی "نەرمتر" و "کەمتر بەربەرەکانێکار" بەرامبەر ناوەند دەربکەوێت.

پارتی و بەغدا؛ ململانێی متمانە و دروشمە نەتەوەییەکان

لە بەرامبەردا، پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێچکەیەکی جیاوازی گرتووەتە بەر. جەختکردنەوەی بەردەوامی پارتی لەسەر پرسی سەربەخۆیی و توندیی هەڵوێستەکانی بەرامبەر بەغدا، بەتایبەت لە دوای ساڵی ٢٠١٤ و دۆسیەی ئابووری سەربەخۆ، جۆرێک لە بێمتمانەیی لە نێوان هەولێر و لایەنە شیعەکاندا دروستکردووە.

گرژتربوونی ئەم پەیوەندییانە لە ساڵی ٢٠٢١ گەیشتە لووتکە، کاتێک پارتی هاوپەیمانی لەگەڵ ڕەوتی سەدر پێکهێنا بۆ دوورخستنەوەی لایەنەکانی دیکەی شیعە لە دەسەڵات.

هەرچەندە لە کاتی هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆک کۆماردا پارتی هەوڵیدا لەگەڵ لایەنی وەک نوری مالیکی و هەندێک لایەنی دیکە لێکتێگەیشتن دروست بکات بۆ دواخستنی پرۆسەکە، بەڵام دواجار کێشەی متمانە و گومانی بەردەوامی ئێران لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی پارتی، وایکردووە هەولێر بەردەوام لەژێر گوشار و هێرشەکاندا بێت و خواستەکەی سەرنەگرێت.

هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان؛ یەکێتی لە نێوان تاران و واشنتۆندا

لەکاتێکدا یەکێتی تۆمەتبار دەکرێت بەوەی بەشێکە لە "بەرەی موقاوەمە" و نزیکە لە ئێران، بەڵام واقیعە دیپلۆماسییەکە ئاماژەی تر دەدات. 

پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا لە ئاستێکی ئاسایی و هەندێکجاریش بەهێز دایە. پیرۆزبایی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە نزار ئامێدیی وەک سەرۆک کۆماری نوێ، پێشتریش پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی (هاوشانی مەسعود بارزانی)، دەرخەری ئەوەیە کە پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ ڕۆژئاوا ئاساییە و وەک لایەنە شیعییە "هاوپەیمانەکانی" نییە.

واقعەکە وادەردەخات کە پێگەی سیاسی یەکێتی لە بەغدا باشتر و بەهێزتر بووە لەچاو پارتی، ڕەنگە دواین ئاماژەش هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بێت.

پرسیاری سەرەکی ئەوە دەبێت: ئایا یەکێتی بەردەوام دەبێت لەم ڕێچکەیە و باڵادەستبوونی بەردەوام لە بەغدا، یان پارتی بە سیاسەتێکی دیکەوە دێتەوە نێو گۆڕەپانەکە و هاوکێشەکە لە بەرژەوەندیی خۆی دەشکێنێتەوە؟


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو