ئاماژەکانی دەستبەکاربوونی پەتریارکێکی نوێی کڵێسای کلدانی لە عێراق

١٣ نیسان ٢٠٢٦ - ٧:٥٥ پاش نیوەڕۆ

ئاماژەکانی دەستبەکاربوونی پەتریارکێکی نوێی کڵێسای کلدانی لە عێراق

پەنجەرە

دوای کۆبوونەوەکانی "سینۆدۆس" (کۆمەڵەی ئەسقەفەکان) کە لە شاری ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو، مەتران (ئیمێل شەمعون نۆنا) بە فەرمی وەک پەتریارکی نوێی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان هەڵبژێردرا و ناوی ئاینیی "مار پۆڵسی سێیەم"ـی بۆ خۆی هەڵبژارد.

ئەم دەستنیشانکردنە دوای ئەوە هات کە "کاردیناڵ لویس ڕوفائێل ساکۆ"، پەتریارکی پێشووی کڵێساکە، لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا بە شێوەیەکی خۆویستانە دەستی لە کارکێشایەوە. 

ساکۆ کە ساڵانێکی پڕ لە ململانێی سیاسی و ئایینی تێپەڕاند، ڕایگەیاند کە دەیەوێت پاشماوەی ژیانی بۆ "نزا و نووسین" تەرخان بکات. لە ماوەی گواستنەوەی دەسەڵاتەکانیشدا، مەتران "حەبیب نۆفەلی" ئەرکی بەڕێوەبردنی کاتیی کاروباری پەتریارکی گرتبووە ئەستۆ.

مار پۆڵسی سێیەم؛ لە مووسڵەوە بۆ سیدنی و گەڕانەوە بۆ بەغداد

پەتریارکی نوێ، کەسایەتییەکی دیار و خاوەن ئەزموونێکی نێودەوڵەتییە. 

لەساڵی ١٩٦٧ لە شارۆچکەی "ئەلقۆش"ـی مێژوویی لە پارێزگای نەینەوا لەدایکبووە. ساڵی ١٩٩١ لە مووسڵ بووەتە قەشە و لە ساڵی ٢٠١٠ وەک مەترانی مووسڵ دەستنیشانکرا.

لە ساڵی ٢٠١٥ـوە تا پێش هەڵبژاردنی وەک پەتریارک، سەرۆکایەتی ئەبرەشییەی "مار تۆما"ـی بۆ کلدانەکان لە ئوسترالیا و نیوزلەندا دەکرد.

شارەزایان پێیانوایە تێکەڵبوونی ئەزموونی ئەو لەناو جەرگەی نەینەوا و کارکردنی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، هێزێکی دیپلۆماسی و ڕۆحی گەورەی پێدەبەخشێت بۆ بەڕێوەبردنی کڵێسا لەم قۆناغەدا.

ئاستەنگ و ئاسۆکانی بەردەمی

هەڵبژاردنی مار پۆڵسی سێیەم لە کاتێکدایە کە کڵێسای کلدانی لە ساڵانی ڕابردوودا پەیوەندییەکی ئاڵۆزی لەگەڵ هەندێک لایەنی سیاسی هەبوو، بەتایبەت ململانێی توند لەگەڵ "ڕەیان کلدانی" و جووڵانەوەی بابلیۆن.

چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە پەتریارکی نوێ پەیڕەوی سیاسەتێکی "دیپلۆماسیی هێمن" دەکات. ئامانجی سەرەکی ئەو بریتییە لە دوورخستنەوەی دامەزراوە ئایینییەکان لە ململانێی حزبی.

هەروەها ئەو پێشوازییە گەرمەی سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لێیان کرد، نیشانەی خواستی هەردوولایە بۆ کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ و کۆتاییهێنان بە کێشە یاسایی و کارگێڕییەکانی پێشوو.

کلدانەکان؛ ڕەسەنایەتی لە عێراق و بڵاوبوونەوە لە جیهان

کڵێسای کلدانی کە گەورەترین پێکهاتەی مەسیحییە لە عێراق (نزیکەی ٨٠٪ـی مەسیحییەکانی وڵات)، لە ئێستادا ڕووبەڕووی ئالەنگارییەکی گەورە دەبێتەوە کە ئەویش کۆچی بەکۆمەڵە. 

لە کاتێکدا پێش ٢٠٠٣ ژمارەی مەسیحییەکان ملیۆن و نیوێک بوو، ئێستا بۆ کەمتر لە ٢٥٠ هەزار کەس دابەزیوە.

مار پۆڵسی سێیەم ئەرکێکی قورسی لەسەر شانە بۆ ڕاگرتنی ئەم کۆچە و بەستنەوەی ملیۆن و نیوێک کلدانی تاراوگە بە نیشتمانی دایکیانەوە، لەگەڵ ڕاگرتنی هاوکێشەی ئاین و سیاسەت کە لەم ماوەیەی ڕابردوودا بەڕادەیەکی زۆر تێکەڵ بەیەکبوون.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو