ئێران لە نێوان دوو جەنگدا؛ ئاگربەست لەگەڵ واشنتۆن و توندکردنەوەی گەمارۆ لەسەر شەقام

١٣ نیسان ٢٠٢٦ - ٧:٥٤ پاش نیوەڕۆ

ئێران لە نێوان دوو جەنگدا؛ ئاگربەست لەگەڵ واشنتۆن و توندکردنەوەی گەمارۆ لەسەر شەقام

پەنجەرە

سەرەڕای ئاگربەستی دوو هەفتەیی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران، دەسەڵاتدارانی ئێران چاودێریی و رێوشوێنی نێوخۆیی توندتر دەکەنەوە. 

ماوەی پچڕانی ئینتەرنێت لەو وڵاتەدا ١٠٠٠ کاتژمێری تێپەڕاند، کە ئەمەش بە درێژترین ماوەی پچڕانی تۆمارکراوی ئینتەرنێت لە جیهاندا لە ماوەی چەندین دەیەی ڕابردوودا دادەنرێت.

ئەم دابڕانە دیجیتاڵییەی ئێران هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە توندکردنی ڕێکارە ئەمنییەکان، لەوانەش زیادکردنی بازگەی پشکنین و مەفرەزە گەڕۆکەکان. شیکەرەوان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم هەنگاوانە ڕەنگدانەوەی هەوڵەکانی دەسەڵاتە بۆ پاراستنی کۆنترۆڵ کردنی زانیاریی و خەڵک، تەنانەت لە قۆناغی دوای ئاڵۆزییە سەربازییەکانیشدا.

نەبوونی ئینتەرنێت لە ئێران

ڕێکخراوی "نێت بلۆکس" (NetBlocks) ڕایگەیاندووە: "ئێران کەوتووەتە ژێر باری پچڕانێکی سەپێندراوی ئینتەرنێت لەلایەن دەسەڵاتەوە، ئەم پچڕانەش تا ئێستا بەردەوامە و ١٠٣٢ کاتژمێری تێپەڕاندووە، بەمەش دەچێتە ٤٤ـەمین ڕۆژەوە."

ڕێکخراوەکە جەختی کردەوە کە "کاردانەوە مرۆیی و ئابوورییەکانی ئەم سانسۆرە درێژخایەنە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبن و کاریگەریی کەڵەکەبوویان هەیە؛ ئەمە یەکێکە لە گەورەترین حاڵەتەکانی بڕینی ئینتەرنێت لە ئاستی جیهاندا لە ناو کۆمەڵگەیەکدا کە پشت بە پەیوەندییە دیجیتاڵییەکان دەبەستێت." 

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ڕێکارە زیانێکی زۆر بە بژێوی دەگەیەنێت و مافە دیجیتاڵی و مرۆییەکانی خەڵکی ئێران پێشێل دەکات.

لە بەرامبەردا، تەنها بەشێکی کەم لە نوخبەی سیاسی ئێران دەستیان بە ئینتەرنێتی بێ سنوور دەگات، لە کاتێکدا میدیاکانی ناوخۆی ئێران بەردەوامن لە بڵاوکردنەوەی بابەتەکانیان لە ڕێگەی "تێلیگرام" و "ئێکس" (توییتەری پێشوو)، سەرەڕای ئەوەی ئەو دوو پلاتفۆرمە لە ناوخۆی وڵاتدا قەدەغەکراون.

دادگاییەکی "بەپەلە و نائاسایی"

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە دەسەڵاتدارانی ئێران ئامادەکاری دەکەن بۆ دادگاییکردنی خێرای ئەو کەسانەی لە ماوەی ڕابردوودا دەستگیرکراون. محەمەد جەعفەر مونتەزیری، سەرۆکی دیوانی باڵای وڵات، ڕایگەیاند: "دەسەڵاتی دادوەری  درێغی ناکات بۆ مامەڵەکردنی بەپەلە و نائاسایی لەگەڵ کەیسە هەستیار و تایبەتەکان، لەوانەش دۆسیەی ئەو دەستگیرکراوانەی تۆمەتی سیخوڕییان دراوەتە پاڵ."

لە لایەکی ترەوە، ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە دەرەوەی وڵات داوای خۆپیشاندانیان لە چەندین وڵات کردووە، لەوانە گۆڕەپانی "ترۆکادێرۆ" لە پاریس، کە خۆپیشاندانێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی وەک ناڕەزایەتییەک دژ بە شەپۆلە نوێیەکەی لەسێدارەدانی سیاسی .

ترس لە شەقام گەورەترە 

وجدان عەبدولڕەحمان، توێژەری پسپۆڕ لە کاروباری ئێران، پێیوایە: "ترسی ڕژێمی ئێران لە شەقامی ناوخۆیی زۆر زیاترە لە ترسی هەڵگیرسانەوەی شەڕ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا."

ناوبراو ڕوونیکردەوە کە ڕژێم پێیوایە جوگرافیا فراوانەکەی ئێران توانای ئەوەی پێ دەبەخشێت کە گورزە سەربازییەکان هەڵمبژێت و لەگەڵ گەمارۆ ئابوورییەکاندا خۆی بگونجێنێت، بەڵام "هەڕەشەی ڕاستەقینە لە ناوخۆدایە، چونکە شەقام هەستیارترین خاڵی لاوازی ڕژێمە."

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە تێکچوونی باری ئابووریی وایکردووە ڕژێم لە تەقینەوەی تووڕەیی خەڵک بترسێت، هەر ئەمەش هۆکاری توندکردنی فشاری ئەمنییە لە ڕێگەی دەستگیرکردن و تەنانەت لەناوبردنی هەندێک لە چالاکوانانەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو