دوێنێ عامری و ئەمڕۆ مالیکی شکێنرا؛ ئایا کۆتایی سەردەمی هەڵۆ پیرەکانی شیعە دەرکەوتووە؟
١٢ نیسان ٢٠٢٦ - ٢:٠٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق پەردەی لەسەر لاوازیی و تەنهایی نوری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا هەڵدایەوە، هاوپەیمانێتییەکەی دووچاری پەرتبوون بوو، پرۆسەکەش بێ حساب کردن بۆ ناڕەزایەتییەکانی ئەو بەڕێوەچوو.
ئەوە لەکاتێکدایە دوێنێ هەینی، هادی عامری سەرۆکی رێکخراوی بەدر و سیمبوڵی حەشدی شەعبی و سەربازیی شیعە، لەپارێزگای زیقار لە مەراسیمی ماتەمینی رێبەری باڵای ئێران لەلایەن هاوڵاتییانەوە دەرکرا.
کۆتایی سەردمی مالیکی
مالیکی کەماوەی بیست ساڵە وەکو کەسایەتییەکی سیاسی کاریگەر و یەکێک لە ژمارە قورسەکانی شیعە، رۆڵی گەورەی لەنێو گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا هەیە و هەمیشە ململانێکان لەبەرژەوەندی ئەو کۆتاییان هاتووە.
پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار پەردەی لەسەر لاوازبوونی پێگەو بەتەنها مانەوەی سەرکردەیەک هەڵماڵی، کە لە رابردوودا زۆربەی ململانێکانی لەبەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێهێناوە، ئەویش نوری مالیکییە.
هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەبێ رەزامەندی مالیکی تەنها لاوازبوونی پێگەی ناوبراوی لێناخوێنرێتەوە، بەڵکو ئەوەشی لێدەخوێنرێتەوە کە چانسی بەدەستهێنانی کورسی سەرۆکوەزیرانیش بۆ ئەو قورسە، چونکە ئەو بەشێک نییە لەو هاوکێشەی نزار ئامێدی بردە سەر کورسی سەرۆک کۆمار، ئەمە جگە لەوەی ئەمەریکا ڤیتۆی هەیە لەسەری.
هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەبێ رەزامەندی مالیکی تەنها لەوەدا مایەی نیگەرانی نەبوو بۆی کە هێزە شیعەکان حسابیان بۆ بۆچوونەکەی نەکرد، بەڵکو لەوەش قورستر ئەوەبوو هاوپەیمانێتییەکەی پەرتبوو، زۆربەی پەرلەمانتارەکانی چوونە نێو هۆڵی پەرلەمان، بەتایبەت ئەوانەی سەر بە فەزیلە و سەیدولشوهەدا بوون.
بۆیە رووداوەکانی ئەمڕۆ بەزەنگێکی مەترسیدار بۆ داهاتووی سیاسی مالیکی دادەنرێن، ئەمە جگە لەوەی چەندین هەنگاو لە کورسی سەرۆکوەزیران دووری خستەوە.
تەمەنی مالیکی بۆ ٧٦ ساڵ هەڵکشاوە و تەندروستیشی زۆر جێگیر نییە، بۆیە ئەگەر دەستی بە کورسی سەرۆکوەزیران نەگات، رەنگە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق ناوی مالیکی بۆ نێو رەفەکانی مێژوو بپێچرێتەوە، یان پێگەی هێندە لاواز بێت چیتر وەکو ژمارەیەکی قورس لێینەڕوانرێت.
عامری؛ هەڵۆ پیرەکەی شیعە
هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدر و کەسایەتییەکی کاریگەر و قاڵبووی نێو رووداوە سیاسییەکانی بیست ساڵی رابردووی عێراق، ژیانی سیاسی لەکۆتایی نزیک دەبێتەوە.
هادی عامری شانبەشانی مالیکی رازی نەبوو لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق لەم دۆخەدا، بەڵام دواجار فراکسیۆنەکەی بەشداری دانیشتنی پەرلەمانی کرد.
عامری هەرچەندە ساڵ لە دوای ساڵ پێگە سیاسییەکەی پاشەکشە دەکات، بەڵام بەهۆی ئەو هەموو هێزە سەربازییەی هەیەتی دۆخی وەک مالیکی خراپ نییە.
هادی عامری سیمبولی پارێزگاریی ئایدۆلۆژیای شیعە کە کون و کەلەبەری عێراقی تەی کرد بۆ بەرگریکردن لە تایەفەکەی، دوێنێ کەوتە نێو دۆخێکی خراپەوە کە بەزەنگێکی مەترسیدار بۆ داهاتووی دادەنرێت.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، کاتێک عامری چووەتە سەر سەکۆی وتاردان لەو مەراسیمەی کە عەشرەتی "بەنی خیگان" سازیان کردبوو بەبۆنەی تێپەڕبوونی چل رۆژ بەسەر کوژرانی خامنەییدا.
(عەبدوڵڵا خیگانی) ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی "بەدر" ویستوویەتی عامری پێشکەش بکات. بەڵام هەر کە ناوی هێناوە، ئامادەبووان بە قسەی نەشیاو و هاویشتنی پێڵاو ڕووبەڕووی بوونەتەوە.
دواجار ڕووداوەکە پەرەی سەندووە بۆ تەقەکردن لەنێوان پاسەوانە تایبەتەکانی عامری و ئەندامانی ئەو عەشیرەتەدا.
هۆکاری ئەم ئاڵۆزییە بۆ ئەوە گێڕدرایەوە گوایە هەڵوێستی ئەو سەرکردانە “لاواز و شەرمنانە" بووە و دوای کوژرانی عەلی خامنەیی و بەرپرسە باڵا سەربازییەکانی ئێران، ئەو سەرکردانە لە گۆڕەپانەکەدا ون بوون.