دانوستانی ئەمەریکا و ئێران؛ گفتووگۆ کردن لەسەر پێنج دۆسیە قورسەکە

١١ نیسان ٢٠٢٦ - ٩:٥٠ پاش نیوەڕۆ

دانوستانی ئەمەریکا و ئێران؛ گفتووگۆ کردن لەسەر پێنج دۆسیە قورسەکە

پەنجەرە

چاوی هەموو دونیا لەسەر ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستانە، ئەو پایتەختەی وەفدی ئەمەریکی و ئێرانی کۆکردووەتەوە و تێیدا بڕیاری کۆتاییهاتنی شەڕ یاخود سەرهەڵدانەوەی جەنگی تێدا دەدرێتەوە.

سەرباری ناکۆکی نێوان ئێران و ئەمەریکا لەسەر پرسە مشتومڕاوییەکان، بەڵام بەرپرسانی حکومەتی پاکستان گەشبینی خۆیان پیشان دەدەن و جەخت دەکەنەوە بە پێچەوانەی زۆر وڵاتی دیکە، ئەوان جێگەی متمانەی هەردوولان.

گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران

جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لەگەڵ جارید کۆشنەر، زاوای دۆناڵد ترەمپ و ڕاوێژکاری تایبەتی، هەروەها ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەت،لە ئیسلام ئابادن بۆ دانوستان لەگەڵ وەفدی ئێرانی.

لە بەرامبەردا، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کە سەرۆکایەتی وەفدی وڵاتەکەی دەکات و بەم دواییانە وەکو کەسایەتییەکی دیاری حکومەت دەرکەوتووە، لەگەڵ عەباس عراقچی وەزیری دەرەوە، نیوەشەوی پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکان گەیشتنە ئیسلام ئاباد.

جێگری سەرۆکی ئەمریکا گەشبینی خۆی دەربڕی پێش بەجێهێشتنی وڵاتەکەی و  وتی: "ئەگەر ئێرانییەکان ئامادەبن بە نیەتێکی پاکەوە دانوستان بکەن، ئێمە بە دڵنیاییەوە ئامادەین هاوکارییان بکەین." بەڵام هۆشدارییەکیشی دا و وتی: "ئەگەر هەوڵبدەن یاریمان لەگەڵ ، ئەوا دەبینن کە تیمی دانوستانکار ئەوەندە نەرم نابێت."

لوبنان

هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵای لوبنان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، هەڕەشە بوو لەسەر گفتوگۆکان پێش ئەوەی ئەنجام بدرێن. مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" نووسیویەتی: "بەردەوامیی ئەم کارانە دانوستانەکان بێسوود دەکات." هەروەها وتیشی: "پەنجەمان هێشتا لەسەر پەلەپیتکەیە. ئێران هەرگیز دەستبەرداری خوشک و برا لوبنانییەکانی نابێت."

بونیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت: "هیچ ئاگربەستێک نییە" سەبارەت بە حزبوڵا، بەڵام هۆشدارییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ دانیشتووانی گەڕەکەکانی باشووری بەیروت بۆ چۆڵکردن، تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی زیاتری بەدوای خۆیدا نەهێناوە. 
دۆناڵد ترەمپ دەڵێت جووڵەکانی ئیسرائیل لە لوبنان "ئارامتر" دەبن، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش ڕایگەیاندووە کە ئەم هەفتەیە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان لە واشنتۆن بەڕێوەدەچێت. دەبێت چاوەڕێ بکەین ئایا ئەم ئارامییە بۆ ڕازیکردنی ئێران بەس دەبێت یان نا؟

گەرووی هورمز

یەکێکیتر لەو کێشانەی کە لەوانەیە هەر لە سەرەتاوە گرفت بۆ دانوستانەکان دروست بکات، گەرووی هورمزە کە بۆ هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان گرنگترین پرسە. 
ترەمپ دەڵێت ئێران سەبارەت بە ڕێگەنەدان بە کەشتییەکان بۆ تێپەڕین بە گەرووەکەدا "کارێکی زۆر خراپ دەکات"، سەرەڕای ئەوەی سەرەتا وتبووی ڕێگەیان پێدەدات. لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "ئەمە ئەو ڕێککەوتنە نییە کە لە نێوانماندایە!"

لە ئێستادا تەنها رێگە بە ژمارەیەکی کەم کەشتی دەدرێت لە هورمزەوە تێپەڕن ، لە کاتێکدا سەدان کەشتی و نزیکەی ٢٠ هەزار دەریاوان لەوێ گیریان خواردووە. 
ئێران دوای ئەوەی کۆنترۆڵی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە گرنگەی توندتر کرد، وا دیارە پێداگرە لەسەر فەرمییکردنی و دەڵێت لە ناو ئاوە هەرێمییەکانی ئێراندایە و باس لە کۆمەڵێک یاسای نوێ دەکات بۆ ڕێکخستنی هاتوچۆی کەشتییەکان. 
ڕۆژی پێنجشەممە، ئێران دروستکردنی ڕێڕەوی گواستنەوەی نوێی ڕاگەیاند.
لە بەیاننامەیەکدا کە بە وردی سەرنجی خستبووە سەر نیگەرانییەکانی کۆمپانیاکانی کەشتیوانی، ئێران وتی ڕێڕەوە نوێیەکان پێویستن "بۆ دوورکەوتنەوە لە جۆرە جیاوازەکانی مینی دژە کەشتی کەچێنراون." 
لەو ڕاپۆرتانەی کە باس لەوە دەکەن هەندێک لەو کەشتیانەی لە هەفتەکانی ڕابردوودا سەرکەوتووبوون لە تێپەڕین بەهورمزدا، بڕی ٢ ملیۆن دۆلاریان وەک رسومات لێوەرگیراوە، ترەمپ هۆشداری دا کە "باشترە ئێران باج و رسومات بەسەر نەوتهەڵگرەکاندا نەسەپێنێت."

دۆسیەی ئەتۆمی

 گەورەترین و کۆنترین خاڵی ناکۆکی نێوان ئەمەریکا و ئغران گرێدراوە بە وزەی ئەتۆمییەوە. ترەمپ وتی پڕۆسەی "تووڕەیی داستانی" (Epic Rage) دەستپێکردووە، تا ڕادەیەک بۆ دڵنیابوون لەوەی ئێران "هەرگیز چەکی ئەتۆمی نابێت." ئێران جەخت دەکاتەوە کە هەرگیز هەوڵی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی نەداوە، بەڵام زۆربەی حکومەتە ڕۆژئاواییەکان بە گومانەوە سەیری ئەم قسەیە دەکەن. ئێران پێداگری دەکات کە مافی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ مەبەستی مەدەنی هەیە.

پێشنیازە ١٠ خاڵییەکەی ئێران، کە ترەمپ بە "بنەمایەکی کردەیی بۆ دانوستان" وەسفی کردووە، داوای دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم دەکات.
 ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پلانە ١٥ خاڵییەکەی ترەمپ داوا لە ئێران دەکات "کۆتایی بە هەموو پڕۆسەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم لەسەر خاکەکەی بهێنێت." کاتێک پیت هیگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا سەبارەت بەم بابەتە پرسیاری لێکرا، تەنها وتی ئێران "هەرگیز چەکی ئەتۆمی یان توانای دەستگەیشتن بەو چەکەی نابێت."

هاوپەیمانانی ئێران لە ناوچەکەدا

هێزە پرۆکسییەکانی ئێران (حزبوڵا لە لوبنان، حوسییەکان لە یەمەن، حەماس لە غەززە و گروپە چەکدارە جیاوازەکانی عێراق) هەژموونێکی ناوچەییان بە تاران بەخشیوە. 
لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی غەززە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، ئەم هێزانە کە ئێران بە "بەرەی بەرگریی" ناوی دەبات، لە ژێر هێرشی بەردەوامدایە. یەکێک لە پایەکانی کە ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد بوو کۆتایی پێهێنرا.

ئیسرائیل ئەوەی کە پێی دەڵێت "بەرەی شەڕانگێزی" وەک هەڕەشەیەکی بوونی دەبینێت کە دەبێت بە تەواوی لەناو ببرێت. 

لە کاتێکدا ئابووری ئێران بەدەست داڕمانی توندەوە دەناڵێنێت، زۆرێک لە ئێرانییەکانیش دەیانەوێت حکومەتەکەیان خەرجییە دەرەکییەکانی کەم بکاتەوە و زیاتر سەرنج بخاتە سەر باشترکردنی بژێویی ئەوان. بەڵام تا ئێستا ئاماژەیەکی کەم هەیە کە پیشانی بدات ئێران ئامادەیە دەستبەرداری هاوپەیمانەکانی بێت.

سووککردنی سزاکان

کۆماری ئیسلامی چەندین دەیەیە بەدەست سزای نێودەوڵەتی توندەوە دەناڵێنێت و داوای لادانی هەموو سزا ئەمریکی و نێودەوڵەتییەکان دەکات وەک بەشێک لە هەر ڕێککەوتنێک. 
ڕۆژی هەینی، محەمەد باقر قالیباف باسی لە پێویستی ئازادکردنی دراوە بلۆککراوەکانی ئێرانی کرد کە بڕەکەی بە ١٢٠ ملیار دۆلار (٨٩ ملیار پاوەند) دەخەمڵێندرێت، پێش دەستپێکردنی دانوستانەکان.

قالیباف وتی ئەمە یەکێکە لەو دوو هەنگاوەی کە پێشتر لەسەری ڕێککەوتبوون (ئەوی دیکەیان ئاگربەست بوو لە لوبنان). بەڵام بەیاننامەکەی شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان کە لە ٧ی نیساندا بڵاوکرایەوە و تێیدا ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی ڕاگەیاند، باسی لە ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکان نەکردبوو. هێشتا ڕوون نییە مەبەستی قالیباف کام ڕێککەوتن بووە، و زۆر دوورە ئیدارەی ترەمپ ئامادە بێت سازشێکی گەورەی لەو شێوەیە بکات تەنها بۆ ئەوەی گفتوگۆکان بەڕێوەبچن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو