چەکی ئەتۆم وەک ئامرازێک بۆ پاراستنی رژێمەکان؛ کێن ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت دەستیان بە ئەتۆم بگات؟

١١ نیسان ٢٠٢٦ - ٩:٤٦ پاش نیوەڕۆ

چەکی ئەتۆم وەک ئامرازێک بۆ پاراستنی رژێمەکان؛ کێن ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت دەستیان بە ئەتۆم بگات؟

پەنجەرە

بەهۆی شەڕی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران مەترسی ئەتۆم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووی لە زیادبوون کردووە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئێران و ئیسرئیل هێرشیانکردە سەر دامەزراوە هەستیارە ئەتۆمییەکانی یەکتری.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار ڕایگەیاندووە  ئامانجی شەڕ ڕێگریکردنە لەوەی ئێران پەرە بە چەکی ئەتۆمی بدات و ببێتە خاوەنی. بڕیارە لە ماوەی ئاگربەستی دوو هەفتەییدا، گفتوگۆ لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بکرێت.

شارەزایان هۆشداری دەدەن کە کردەوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ڕژێمی ئێران ڕەنگە ئەنجامی پێچەوانەی هەبێت و لۆژیکی "بەرپەرچدانەوە" (Deterrence) تێکبدات.


بۆ لۆژیکی بەرپەرچدانەوە نموونەی کۆریای باکوور و ئۆکرانیا

دەهێنرێتەوە، کە چەکی ئەتۆمی وەک ئامرازێکی بەرپەرچدانەوە دادەنێن بۆ ڕێگریکردن لە نەیارانیان لە ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی. 

زۆرجار ئاماژە بە کۆریای باکوور دەکرێت کە بە بڕوای چاودێران، جبەخانە ئەتۆمییەکەی بووەتە هۆی سەقامگیریی ڕژێمەکەی، چونکە ئەگەری دەستوەردانی دەرەکی کەم کردووەتەوە. ئەگەر زۆرە ئەم ڕاستییە بەشێک بێت لە خەیاڵدانی تاران، هەرچەندە خۆیان نکوڵی لێ دەکەن.

ئۆکرانیا نموونەیەکی جیاوازە، لە ساڵی 1994دا، ئۆکرانیا لە بەرامبەر گەرەنتی ئاسایش لەلایەن ڕووسیا، ئەمریکا و بەریتانیا، دەستبەرداری جبەخانە ئەتۆمییەکەی بوو کە ئەو کات سێیەم گەورەترین جبەخانەی جیهان بوو. ئێستا هەندێک شارەزا دەڵێن ئەگەر ئۆکرانیا دەستبەرداری چەکە ئەتۆمییەکانی نەبوایە، ڕووسیا نەیدەتوانی هێرشی بکاتە سەر.


تەمومژی ستراتیژی

ڕۆباڵ میهتا، شارەزا لە سکوڵی ئابووری لەندەن نووسیویەتی: ئێران ساڵانێکی زۆر پشتی بە تەمومژی ستراتیژی بەستبوو و بە مەبەست لە ژێر هێڵی سووری ئەتۆمیدا مابووەوە بۆ ئەوەی دوور بێت لە هێرش. سەرکردایەتی نوێی ئێران ئێستا لەبەردەم هاوسەنگییەکی سەختدایە لە نێوان سەرکێشی و لۆژیکی بەرپەرچدانەوەدا." ئەم دۆخە ڕەنگە بەهۆی هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ بۆردومانکردنی ئێران و "گەڕاندنەوەی بۆ سەردەمی بەردین" زیاتر تێکبچێت.

هەفتەی ڕابردوو سیاسییەکانی ئێران ڕایانگەیاند کە وڵاتەکەیان بیر لە کشانەوە لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) دەکاتەوە. هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی لاوازکردنی زیاتری سیستەمی چاودێری نێودەوڵەتی.


کێبڕکێی کەنداو

گۆڕانکارییەکانی جەنگ لە سیستەمی ئاسایشی ناوچەکەدا ڕەنگە وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هان بدات بیر لە بەرنامەی ئەتۆمی بکەنەوە. بەتایبەت سعودیە ئەم داوایەی لە ئەمەریکا کردووە و ئێستاش رێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ پاکستانی خاوەن ئەتۆمدا هەیە.

کێڵسی داڤینپۆرت، شارەزا لە "رێکخراوی کۆنترۆڵکردنی چەک" لە واشنتۆن دەڵێت: "چەند هۆکارێک هەن کە وڵاتانی کەنداو لە خاوەندارێتی چەکی ئەتۆمی نزیک دەکەنەوە"، چونکە ئەم وڵاتانە خۆیان لە نێوان هەوڵەکانی ئێران و ئیسرائیل بۆ باڵادەستی دەبیننەوە و متمانەیان بە ئەمریکا وەک هێزێکی پارێزەر کەم بووەتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، داڤینپۆرت دەڵێت ئاستەنگی گەورە لەبەردەم بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی لە ماوەیەکی کورتدا هەیە، چونکە پێویستی بە مەرجی تەکنەلۆژی و سیاسی و دامەزراوەیی هەیە. بەڵام جەنگەکە مشتومڕەکان دەربارەی گرنگی چەکی ئەتۆمی لە سیاسەتی ئەمنیدا توندتر دەکات.


ئایا وڵاتانی کەنداو هەوڵی چەکی ئەتۆمی دەدەن؟

ساڵی ڕابردوو عەرەبستانی سعوودیە بە پاڵپشتی ئەمریکا هەنگاوی یەکەمی بەرەو سەربەخۆیی ئەتۆمی نا. پێشتریش محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە ڕایگەیاندبوو ئەگەر ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، وڵاتەکەشی چەکی ئەتۆمی بەدەست دەهێنێت.

نور عید، شارەزای ئەمنی لە پاریس دەڵێت، سعوودیە ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ئەمریکا واژۆ کردووە کە ڕەنگە ڕێگەی پێ بدات یۆرانیۆم بپیتێنێت، بەڵام ئەمە هێشتا پێویستی بە ڕەزامەندی کۆنگرێس هەیە. نیگەرانی هەیە کە ئامرازەکانی چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە سعوودیە لاواز بن.

بەڵام نور عید پێیوایە ١٠ بۆ ٢٠ ساڵی دەوێت تا سعوودیە ببێتە خاوەنی توانای ئەتۆمی ڕاستەقینە، چونکە پسپۆڕ و ژێرخانی پیشەسازی پێویستی نییە. لە کورتخایەندا، سعوودیە تەنها سەرنجی لەسەر وزەی مەدەنییە.

ئیماراتیش لە مێژە وێستگەی ئەتۆمی (براکە)ی هەیە و خۆی لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەدوور گرتووە، بەڵام بڕگەیەک لە ڕێککەوتنەکەیدا هەیە کە ڕێگەی پێ دەدات ئەگەر وڵاتانی تر مەرجی ئاسانتریان بۆ دابنرێت، ئەویش داوای گۆڕانکاری بکات.


میسر و تورکیا

 سەبارەت بە میسر و تورکیا، شارەزایان پێیان وایە ئەوانیش دەتوانن لە درێژخایەندا توانای ئەتۆمی پەرەپێبدەن. میسر بە هاوکاری ڕووسیا کارتێکەر (Reactors) لەسەر دەریای ناوەڕاست بنیاد دەنێت. تورکیاش پشت بە ڕووسیا و چین دەبەستێت، بەڵام تورکیا وەک ئەندامێکی ناتۆ، لەژێر چەتری ئەتۆمی ئەو هاوپەیمانێتییەدایە و ئەمەش گوشارەکانی سەری بۆ دروستکردنی چەکی تایبەت کەم دەکاتەوە.

چۆن ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتر بکرێت؟

داڤینپۆرت جەخت لەوە دەکاتەوە کە چین و ڕووسیاش بەرژەوەندییان لەوەدا نییە سیستەمی قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی هەرەس بهێنێت. ئەوان تەکنەلۆژیا دەدەن، بەڵام ئەگەری کەمە یارمەتی ئێران بدەن بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.
لە کۆتاییدا، داڤینپۆرت دەڵێت گرنگترین شت ئەنجامدانی گفتوگۆی ئەمنی ناوچەییە کە لە لۆژیکی ململانێی کورتخایەن بەرزتر بێت. هەرچەندە ئەم گفتوگۆیە دوای ئەم جەنگە زۆر قورس دەبێت، بەڵام باشترین هەلە بۆ ڕێگریکردن لە بوون بەخاوەنی ئەتۆمی و بەدیهێنانی سەقامگیری درێژخایەن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو