جەی دی ڤانس؛ ئەو کەسەی ئێران داوایکردووە سەرۆکایەتی وەفدی دانوستان بکات
١١ نیسان ٢٠٢٦ - ٩:٤٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
کاتێک جەی دی ڤانس بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران گەیشتە ئیسلام ئاباد، ئەمە خواستێکی سەرکردە نەکوژراوەکانی تاران بوو، کە بەپێی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەندێکیان بە نهێنی داوایانکردووە جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕۆڵی سەرەکی لە دانوستانەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگدا بگێڕێت.
بەپێی راپۆرتێکی رۆیتەرز، بەرپرسێکی ناوچەیی و چوار کەسی ئاگادار لە گفتوگۆکان ڕایانگەیاندووە، ئێران "ڤانس" وەک یەکێک لە دژە جەنگترین کەسایەتییەکانی ناو بازنەی نزیک لە دۆناڵد ترەمپ دەبینێت.
سەرچاوەکان کە داوایانکردووە ناویان ئاشکرا نەکرێت، دەڵێن ئەم ناوبانگە وای لە تاران کردووە بڕوا بەوە بهێنێت کە ڤانس لە نێوان هاوەڵە نزیکەکانی ترەمپدا ئەگەری زیاترە بە نیازپاکی لەگەڵیاندا ڕێکبکەوێت.
هیچ ئاماژەیەک نییە کە ڤانس هەڵوێستێکی نەرمتری هەبێت لە هەر نوێنەرێکی تری ترەمپ، کە هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی بۆردومانەکانی ئەمریکای کردووە ئەگەر گفتوگۆکان شکستیان هێنا.
بەرپرسێکی کۆشكی سپی ڕایگەیاندووە کە تەنها بڕیاری ترەمپ بووە کە ڤانس بۆ گفتوگۆکان بنێرێت بۆ پاکستان و سەرۆک خۆی بڕیاری کۆتایی لەسەر هەر ڕێککەوتنێک دەدات.
بەڵام ئامادەبوونی جێگری سەرۆک و ئەوەی ئایا تێڕوانینی تاران بۆ ئەو ڕاستە یان نا، فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا یەکەمین گفتوگۆی ڕووبەڕوو لە دوای هەڵگیرسانی جەنگ لە ٢٨ـی شوبات، چانسی سەرکەوتنی هەیە یاخود نا.
مەترسی و دەستکەوت بۆ ڤانس
ڤانس، کە کاندیدێکی بەهێزە بۆ سەرۆکایەتی کۆمارییەکان لە ساڵی ٢٠٢٨، لە ڕووی سیاسییەوە سوودمەند دەبێت ئەگەر گفتوگۆکان سەرکەوتوو بن. بەڵام شرۆڤەکاران دەڵێن مەترسی ئەوەشی لەسەرە ناوی پتر بە جەنگێکی دەرەکییەوە ببەسترێتەوە کە هەزاران مەدەنی تێدا کوژراون و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و هەڵاوسان، ئەگەر بێتو گفتوگۆکان درێژە بکێشن یان بە تەواوی شکست بهێنن.
لەگەڵ ڤانسدا، جارێد کوشنەری زاوای ترەمپ و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، ئامادە دەبن.
سەرچاوەکان دەڵێن سەرکردەکانی ئێران بە گومانەوە سەیری ئەو دوو پیاوە دەکەن، دوای ئەوەی گفتوگۆکانی پێشوو لەگەڵیاندا لە دوو بۆنەدا شکستی هێنا و بووە هۆی هێرشەکانی ئەمریکا.
بەرپرسێکی تری کۆشکی سپی ڕەتیکردەوە کە ئێرانییەکان پێیان باش بووبێت لەگەڵ ڤانسدا دانوستان بکەن و وتی: ئەوە جێگەی پێکەنینە کە میدیاکان بڕوا بە پڕوپاگەندەی هەماهەنگیکراوی ئێران بکەن." بەڵام بەرپرسێکی تری کۆشکی سپی پشتڕاستی کردەوە کە ئێرانییەکان خواستیان نیشانداوە ڤانس بەشداری بکات، بەڵام هۆکارەکەیان ڕوون نەکردووەتەوە.
ڤانس بەیانی ڕۆژی هەینی بەرەو پاکستان بەڕێکەوت و ڕایگەیاند کە بە نیازپاکی دانوستان دەکات، بەڵام تەنها ئەگەر ئێران هەماهەنگ بێت. وتیشی: "ئێمە ئامادەین دەستی ئاشتی درێژ بکەین."
دانوستانکاری نوێ
بەپێی وتەی دیپلۆماتکارێکی باڵای ناوچەکە، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران یەکێک بووە لەوانەی داوای کردووە ڤانس ڕۆڵی سەرەکی هەبێت، قالیباف شانبەشانی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە نوێنەرایەتی ئێران دەکات لە ئیسلام ئاباد.
سەرەڕای گەشبینی بە ئاڵوگۆڕی نوێنەرەکان، بەڵام شرۆڤەکاران دەڵێن هێشتا مەودای نێوان هەڵوێستەکانی ئەمریکا و ئێران زۆرە. بۆ نموونە ئەمریکا دەڵێت پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە قبوڵنەکراوە، لە کاتێکدا ئێران هیچ ئاماژەیەکی نەداوە بۆ وازهێنان لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
لەناو کۆشکی سپیدا جۆرێک لە گومان هەیە. یەکێکی تر لە بەرپرسە باڵاکان دەڵێت ترەمپ لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ ڕاوێژکارەکانی گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە گەرووی هورمز کە چەقێکی بازرگانی جیهانییە و ئێستا بە کردەیی داخراوە ، بەمزووانە بە تەواوی ناکرێتەوە، هەرچەندە ترەمپ لە سۆشیاڵ میدیا نووسیویەتی کە "نەوت بەم زووانە دەست بە ڕۆیشتن دەکاتەوە".
کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕۆژی چوارشەممە جەختی لەوە کردەوە کە "جێگری سەرۆک ڤانس لە سەرەتای دەستپێکەوە ڕۆڵێکی زۆر گرنگ و سەرەکی لەم پرسەدا گێڕاوە."
بەڵام خودی ڤانس کەمێک بە وریاییەوە لەسەر بابەتەکە دواوە و تەنها وتوویەتی: "ڕۆڵی سەرەکی من ئەوە بووە کە زۆر پەیوەندی تەلەفۆنیم ئەنجامداوە و وەڵامم داوەتەوە." کاتێکیش لێی پرسرا کە ئایا ئێران بە تایبەت داوای ئەوی کردووە، وتی: "ئەوە نازانم، سەرسام دەبم ئەگەر ڕاست بێت."