ئاگربەستی نێوان واشنتۆن و تاران؛ پشووی سەربازیی یان ئیرادەی جدی بۆ رێککەوتن؟

١١ نیسان ٢٠٢٦ - ٩:٤٣ پاش نیوەڕۆ

ئاگربەستی نێوان واشنتۆن و تاران؛ پشووی سەربازیی یان ئیرادەی جدی بۆ رێککەوتن؟

پەنجەرە

وڵاتانی کەنداو وەک ڕێکارێک بۆ کۆنترۆڵکردنی بارگرژییەکان لە ئاگربەستەکە دەڕوانن، نەک وەک ڕێککەوتنێکی کۆتایی. شارەزایان کە بۆ "الحرة" قسەیان کردووە، پێیانوایە هێوربوونەوەی دۆخەکە  زیاتر "پشوویەکی سەربازییە" نەک وەرچەرخانێکی ستراتیژی.

هەرچەندە هێوربوونەوەی دۆخەکە هۆکارە بۆ کەمبوونەوەی فشار  لەسەر بازاڕی وزە و تێکچوونی جووڵەی بازرگانی (بە تایبەت لە گەرووی هورمز)، بەڵام هێشتا کێشە بنەڕەتییەکان چارەسەر نەکراون.

گرژیی

مێژووی پەیوەندییەکانی ئێران و وڵاتانی کەنداو لە هیچ قۆناغێکدا سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینییووە. لە دوای شۆڕشی ئێران لە ساڵی 1979وە، ئەم پەیوەندییە بەهۆی دۆسیە ناکۆکەکانەوە هەمیشە گرژ بووە، کە دیارترینیان کێشەی نێوان ئێران و ئیماراتە لەسەر دوورگەکانی (تەنبی گەورە، تەنبی بچووک و ئەبومووسا)، جگە لە گرژییە بەردەوامەکان لەگەڵ سعوودیە و وڵاتانی دیکەی کەنداو.

لە بەرامبەردا، سەڵتەنەتی عومان جیاوازتر ماوەتەوە و پەیوەندییەکی جێگیرتری لەگەڵ تاراندا هەبووە. لە ساڵی 2023شدا، ڕێککەوتنی پەکین بە چاودێری چین، یارمەتیدەر بوو بۆ گەڕانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئێران بۆ سەر ڕێڕەوی ئاسایی دوای ساڵانێک لە پچڕان.

هەڵوێستی وڵاتانی کەنداو لەئێستادا

لە کاتی ئەم قەیرانەدا، وڵاتانی کەنداو سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی ئێرانیان کرد کە وڵات و دامەزراوەکانیانی کردە ئامانج و جەختیان لە ڕەتکردنەوەی پەرەسەندنی سەربازی کردەوە. 
لە ڕۆژانی ڕابردوودا پەیوەندی لە نێوان تاران و  کەنداو ئەنجامدرا، کە تێیدا بەرپرسانی سعوودیە و قەتەر جەختیان لە گرتنەبەری ڕێگەی دیپلۆماسی کردەوە.
سالم ئەلیامی، ڕاوێژکاری پێشووی وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە، پێیوایە زۆرێک لە وڵاتانی کەنداو پێشوازییان لە ڕاگرتنی هێرشە سەربازییەکانی نێوان واشنتن و تاران کردووە بۆ ماوەی دوو هەفتە. 
ئەو دەڵێت وڵاتانی کەنداو دەیانەوێت بەرژەوەندییەکانی خۆیان بپارێزن و خۆیان لە چوونە پاڵ هەر لایەنێکی ململانێکە بەدوور بگرن.
هەروەها عاید ئەلمەناع ئاماژە بەوە دەکات کە لە پێشینەی کارەکانی وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو، پاراستنی ئاسایشی ناوخۆیی و دڵنیابوونەوەیە لە بەردەوامیی چالاکییە ئابوورییەکان و پاراستنی گەرووی هورمز وەک رێڕەوی سەرەکی هەناردەی نەوت و گاز.

دیدگایەکی جیاواز: تەنیا تاکتیکە؟

بە بڕوای سامی ئەلنەیسف، وەزیری پێشووی ڕاگەیاندنی کوێت، ئەم ئاگربەستە بە واتای گۆڕانکارییەکی ستراتیژی درێژخایەن نایەت. ئەو دەڵێت ڕووداوەکانی دوای 28ی شوبات بۆ وڵاتانی کەنداوی دەرخست کە ناتوانرێت متمانە بە تاران بکرێت، چونکە بازنەی هێرشەکانی فراوان کرد و تەنیا وڵاتێکی دیاریکراوی نەکردە ئامانج.
نەیسف ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەم نێوەندگیرییە جیاوازە چونکە لە ڕێگەی پاکستانەوەیە، کە هەژموونی وەک واشنتن نییە بەسەر لایەنەکاندا. هەروەها ئەمریکا تێچوویەکی ڕاستەوخۆی لەسەر خاکی خۆی یان بەرژەوەندییە گرنگەکانی نەبووە (وەک خستنەخوارەوەی فڕۆکە یان پێکانی کەشتییە جەنگییەکانی)، ئەمەش وادەکات پەستانێکی ئەوتۆی لەسەر نەبێت بۆ پێشکەشکردنی سازشی گەورە.

ئامار و لێدوانە دژبەیەکەکان

لە ماوەی نزیکەی 40 ڕۆژی شەڕدا، ئەمریکا ڕایگەیاند زیاتر لە 12 هەزار ئامانجی لە ناو ئێران پێکاوە و توانای موشەکی ئێرانی بە ڕێژەی 90% کەمکردووەتەوە.

ئێران ئاگربەستەکەی وەک "سەرکەوتنێکی ستراتیژیی" وەسف کرد. پنتاگۆنیش جەختیکردەوە کە هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان و ئەگەر ئاگربەستەکە هەرەس بهێنێت، بە هێزێکی زۆرترەوە دەستپێدەکەنەوە.

بڕیارە ئەم قۆناغە بە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان تەواو بکرێت، کە تێیدا شاندی ئەمریکی بە سەرۆکایەتی جەی دی ڤانس (جێگری سەرۆک) و بەشداری جارید کۆشنەر و ستیڤ ویتکۆف کۆدەبنەوە. ئەم هەنگاوە گواستنەوەیەکی تاکتیکییە لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەیدانییەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، بەبێ ئەوەی لایەنەکان دەستبەرداری بنەما سەرەکییەکانی ململانێکە ببن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو