سەوزبوونی شاشەکان؛ ئومێد دەگەڕێتەوە بۆ بازاڕی بیتکۆین و کریپتۆ

١١ نیسان ٢٠٢٦ - ٩:٤١ پاش نیوەڕۆ

سەوزبوونی شاشەکان؛ ئومێد دەگەڕێتەوە بۆ بازاڕی بیتکۆین و کریپتۆ

پەنجەرە

دوای ماوەیەک لە پاشەکشە و ناسەقامگیریی، جارێکی دیکە ڕەنگی سەوز بەسەر پلاتفۆرمەکانی ئاڵوگۆڕی دراوە دیجیتاڵییەکاندا زاڵ بووەوە. دراوی "بیتکۆین" توانی ئاستی ٧٢ هەزار دۆلار تێپەڕێنێت، ئەمەش دوای شەپۆلێکی قورسی زیان کە بەهۆی گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان و ناجێگیریی ئابووریی جیهانییەوە بازاڕەکەی گرتبووەوە.

بوژانەوە لەژێر سێبەری سیاسەتدا

شارەزایان پێیانوایە ئەم هەڵکشانە نوێیە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە دوو فاکتەری سەرەکییەوە هەیە:

١. گەشبینی بە یاساکانی ئەمریکا: هەوڵەکان بۆ ڕێکخستنی یاسایی دراوە دیجیتاڵییەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەشبینییەکی زۆری لای وەبەرهێنەران دروست کردووە.

٢. کەمبوونەوەی گرژییەکان: چاوەکان لەسەر گفتوگۆکانی ئاگربەست و کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانە لە پاکستان، کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی فشاری سەر ئەو سەرمایانەی مەترسییان لەسەرە (Risk Assets).

ئامارەکان چی دەڵێن؟

بەپێی ڕاپۆرتە ئابوورییەکان، لە دوای ڕاگەیاندنی هەوڵەکانی هێورکردنەوە، بەهای گشتیی بازاڕی کریپتۆ بە ڕێژەی ١٠.٤٪ بەرزبووەتەوە. ئەمەش بەواتای ئەوە دێت کە تەنیا لە چەند ڕۆژێکی کەمدا نەک نزیکەی ٢٣١ ملیار دۆلار قازانج هاتووەتە ناو بازاڕەکە، بەڵکو کۆی بەهای بازاڕەکە گەیشتووەتە ٢,٤٤٩ ملیار دۆلار.

پێشەنگیی بیتکۆین و ئیسۆریۆم

بیتکۆین (Bitcoin) وەک بەهێزترین دراو، لە ماوەی هەفتەیەکدا ٨٪ بەهای خۆی زیادیکردووە و ئێستا لە دەوروبەری ٧٢,١٨٠ دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت، کە بە تەنیا نزیکەی ٥٩٪ـی کۆی بازاڕەکەی کۆنترۆڵ کردووە.
 
ئیسۆریۆم (Ethereum) پلەی دووەمی گرتووە و بەرزبوونەوەی هەفتانەی گەیشتووەتە ٧.٥٪، و نرخەکەی لە دەوروبەری ٢,٢١٤ دۆلار جێگیر بووە.

دراوەکانی دیکە؛ هەڵکشانی خێرا بۆ "هایپەر لیکوید"

لە کاتێکدا زۆربەی دراوەکانی وەک (سۆلانا و ریپڵ) بەهایان جێگیر بووە، دراوی "هایپەر لیکوید" (Hyperliquid) سەرنجی هەموانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا؛ ئەم دراوە تەنیا لە هەفتەیەکدا بە ڕێژەی ١٤.٣٠٪ بازدانی بەخۆوە بینی و نرخەکەی گەیشتە ٤١.٠٥ دۆلار.

ئەم گەشبینییە هەرچەندە بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بەڵام ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ ئەوەی بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان بەرگەی قەیرانە سیاسییەکانی گرتووە و بەرەو قۆناغێکی نوێی سەقامگیریی هەنگاو دەنێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو