رووبەڕووبوونەوەی لوتکەی دیپلۆماسی ئێران و ئەمەریکا؛ جەی دیڤانس لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورسدا
١١ نیسان ٢٠٢٦ - ٩:٣٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەمەریکا سەرۆکایەتی شاندی دانوستانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران دەکات، کە پاڵپشتی جەنگی دژ بە ئێرانی نەکرد، ئەمەش بەلای ئێرانییەکانەوە بەخاڵێکی ئەرێنی سەیر دەکرێت.
جەی دیڤانس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئەنجامدانی دانوستانێکی یەکلاکەرە لەگەڵ وەفدی ئێرانی گەیشتە پاکستان، دانوستانێک یان ئاڵۆزییەکان هێور دەکاتەوە یاخود جارێکی تر مەترسی شەڕ دەهێنتە ئاراوە.
گفتووگۆی ئێران و ئەمەریکا لە لوتکەدا
سەردانی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ پاکستان و سەرۆکایەتی کردنی شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران، بە بەرزترین ئاستی پەیوەندی نێوان هەردوو لا لە دوای ساڵی ١٩٧٩ دادەنرێت و ئامانج لێی چارەسەرکردنی دۆسیەی ئەتۆمی و کۆتاییهێنانە بەو جەنگەی ئێستا لە ناوچەکەدا هەڵگیرساوە.
بڕیارە گفتوگۆکان لە ئیسلام ئاباد و بە نێوەندگیریی پاکستان بەڕێوەبچن. بەپێی ڕاپۆرتێکی "ئکسیۆس"، جیاوازییەکی زۆر لە هەڵوێستی هەردوو لادا هەیە و گومان دەکرێت لەوەی بتوانرێت بەمزووانە پێشکەوتنێکی خێرا بەدەست بهێنرێت، هەرچەندە هەردوولا درک بەوە دەکەن کە شکستهێنان لەم گفتوگۆیانە لەوانەیە ببێتە هۆی گەڕانەوە بۆ قۆناغی شەڕ.
ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا و نێردراوە باڵاکان یاوەری ڤانس دەکەن. ناوبراو پێش بەڕێکەوتنی بۆ پاکستان جەختی لەوە کردەوە کە واشنتۆن "ئامادەیە بە نیەتێکی باشەوە دانوستان بکات"، بەڵام هۆشداریدا لەوەی گەر تاران هەوڵی کات کوشتن بدات، بێدەنگ نابن.
لایەنی ئێرانیش جەختی لەسەر مەرجەکانی کردەوە، لە سەرووی هەموویانەوە ڕاگرتنی هێرش بۆ سەر لوبنان و ئازادکردنی پارە بلۆک کراوەکانی؛ ئەمەش دەسپێکی دانوستانەکان ئاڵۆز دەکات.
دانوستان لەژێر چەتری هەڕەشە و هۆشداریی پێشوەختدا بەڕێوە دەچێت، بەتایبەت دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەکات لە ئەگەری شکستهێنانی هەنگاوە دیپلۆماسییەکان.
دیڤانس و هێرشی سەر ئێران
سەرۆکایەتیکردنی شاندی ئەمەریکی لەلایەن دیڤانسەوە لەکاتێکدایە، بەپێی میدیای ئەمەریکئ ناوبراو پێشتر پاڵپشتی هێرشی وڵاتەکەی و ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران نەکردووە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی پێشووتری تۆڕی CNN، نەبوونی پشتگیری ئاشکرای " دیفانس" جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ جەنگی دژی ئێران، گومانی لەبارەی بوونی ناکۆکی لەگەڵ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دروست کردووە.
پێشتر دیڤانس خێرا بوو لە بەرگریکردن لە بڕیارەکانی ترەمپ، وەک هێرشەکانی سەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە مانگی حوزەیران یان ئۆپەراسیۆنەکەی دژی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لە مانگی کانوونی دووەمدا، کە بە ئاشکرا ستایشی کردن.
بەڵام تا تێپەڕبوونی دوو هەفتە بەسەر دەستپێکردنی جەنگ دژی ئێران، دیڤانس هیچ پشتگیرییەکی ئاشکرای شەڕەکەی نەکرد. کاتێکیش پرسیاری لێکرا دەربارەی ئەو راوێژارانەی پێشکەشی ترەمپی کردووە، وەڵامێکی درێژی دایەوە بەبێ ئەوەی هەڵوێستی کەسیی خۆی لەسەر جەنگەکە ڕوون بکاتەوە.
گرنگترین لێدوانەکانی دیڤانس لەکاتی شەڕدا جەختکردنەوە بوو لەسەر ئەوەی ئەم جەنگە نابێتە ململانێیەکی درێژخایەن. بەپێی CNN نەبوونی پشتگیرییەکی بەهێز و ئاشکرا لە مێژە هەستی پێ دەکرێت، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ڕوونتر بوویەوە.
باسلەوە دەکرێت دیڤانس لە سەرەتادا داوای دوورکەوتنەوەی لە جەنگێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، بەڵام کاتێک بۆی دەرکەوتووە ترەمپ مەیلی شەڕی هەیە، هەڵوێستی گۆڕیوە و دواتر بەرگری لە وەشاندنی گورزێکی خێرا و یەکلاکەرەوە کردووە.
پاشخانی دیڤانس لەگەڵ شەڕدا
خۆ بەدوورگرتنی دیڤانس لەشەڕ لەگەڵ پاشخانە سیاسییەکەیدا دەگونجێت کە لایەنگری "دەستوەرنەدانە"، ئەمە جگە لەوەی خۆ بەدوورگرتنی لەشەڕ بۆ رازیکردنی جەماوەر و ئەگەری خۆ کاندید کردنی بۆ سەرۆکی ئەمەریکا لەساڵی ٢٠٢٨ یش دەگێڕدرێتەوە.
دیڤانس لە ساڵی ٢٠٢٣دا وەک ئەندامی ئەنجومەنی پیران وتارێکی نووسی و وتی: سەرکەوتنی ترەمپ وەک سەرۆک بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ دوورکەوتنەوەی لە جەنگەکان."
لە ساڵی ٢٠٢٤یشدا ڕایگەیاندبوو کە جەنگ لەگەڵ ئێران خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ناکات و دەبێتە "بەفیڕۆدانی گەورەی سەرچاوەکان".
بەپێی CNN، بۆ سەرۆکێکی وەک ترەمپ کە زۆرجار داوای دڵسۆزی ڕەها لە دەوروبەرەکەی دەکات، سەیرە کە دەبینرێت فانس هەوڵ دەدات هەڵوێستەکەی تا ڕادەیەک بە تەمومژاوی بهێڵێتەوە. ڕەخنەگرانی ئیدارەی ترەمپ پێیانوابوو سیاسەت لێرەدا ڕۆڵ دەگێڕێت؛ واتە ڤانس دەیەوێت پێگەی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ٢٠٢٨ بپارێزێت، بەڵام ئەم شێوازە ڕەنگە ببێتە بارگرانییەکی سیاسی بۆی.