ئامرلی؛ بۆ شیعە هێمای بەرگریی و بۆ کورد سەرچاوەی مەترسی

١١ نیسان ٢٠٢٦ - ٩:٢٣ پاش نیوەڕۆ

ئامرلی؛ بۆ شیعە هێمای بەرگریی و بۆ کورد سەرچاوەی مەترسی

پەنجەرە 

کاتێک ناوی قەزای ئامرلی پارێزگای سەڵاحەدین دەهێنرێت، کورد بیری بۆ لای پێگەکانی حەشدی شەعبی لەدەوروبەری قەزاکە و هەڵدانی درۆن بە ئاراستەی هەرێم دەچێت، لەکاتێکدا شیعەکان وەکو هێمای بەرەنگاربوونەوەی د۱عـ.،ـش لەو قەزایە دەڕوانن.

ئامرلی تەنها شارۆچکەیەکی ئاسایی نییە بۆ حەشدی شەعبی، بەڵکو خاڵی وەرچەرخان و هێمایەکی گەورەی سەربازیی و مەعنەوییە بۆیان، بەهۆی خۆڕاگریی خەڵکەکەی کاتێک لە ساڵی ٢٠١٤ د۱عـ.،ـش گەمارۆیدان.

 

گرنگی ئامرلی بۆ حەشدی شەعبی

ئامرلی شارۆچکەیەکی زۆرینە تورکمانی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینە. لە ساڵی 2014دا، کاتێک  د۱عـ.،ـش ڕووبەرێکی فراوانی عێراقی کۆنترۆڵ کرد، ئامرلی بۆ ماوەی ٨٠ ڕۆژ گەمارۆدرا، بەڵام دانیشتوانەکەی خۆیان رادەستی ئەو رێکخراوە نەکرد. 

خۆڕاگریی خەڵکی ئامرلی و دواجار بەهاناوە چوونی لەلایەن حەشدی شەعبی و شکاندنی گەمارۆکە، بووە بناغەی پەیوەندییەکی قوڵ لە نێوان شارۆچکەکە و حەشدی شەعبیدا.

ئامرلی  کەوتووەتە ناوچەیەکی هەستیار و گرنگەوە و چەند پارێزگایەک پێکەوە دەبەستێتەوە، دەکەوێتە سەر ڕێگەی سەرەکی نێوان بەغدا و کەرکووک.

زۆربەی دانیشتوانی ئامرلی شیعە مەزهەبن، ئەمەش وایکردووە بۆ حەشدی شەعبی، بەرگریکردن لێی وەک ئەرکێکی پیرۆز و پاراستنی پێکهاتەیەکی “مەزڵوم” شیکردنەوەی بۆ بکرێت.

ئامرلی نازناوی "قەڵای خۆڕاگری" لێنرا لەلایەن حەشدەوە و
بووە هێما بۆ یەکگرتوویی گرووپە جیاوازەکانی ناو حەشد.

 

ئامرلی و خاڵی وەرچەرخان

دوای شکستی سوپای عێراق لە موسڵ، حەشدی شەعبی تازە لەسەر فەتوای مەرجەعییەت دامەزرێنرابوو، بە شکاندنی گەمارۆی سەربازیی سەر ئامرلی یەکەم سەرکەوتنی سەربازی کردەیی بەدەستهێنا.

 حەشدی شەعبی بە هاوکاری سوپا و پێشمەرگە و بە پشتیوانی ئێران گەمارۆی سەربازیی سەر ئامرلی شکاند، بەڵام ئێستا ئەو شارۆچکەیە بووەتە مایەی گرفت بۆ هەرێم و بەشێک لە هێرشەکانی سەر هەرێم لەوێوە ئەنجام دەدرێت.

سەرکەوتنی حەشد و شکانی گەمارۆی سەر ئامرلی لەکاتێکدا ورەی هێزەکانی عێراق رووخابوو، متمانەی بەخشییە هێزەکانی حەشد کە دەتوانن ڕووبەڕووی داعش ببنەوە.

 

ئامرلی؛ بۆ کورد سەرچاوەی گرفت

لەکاتێکدا سەرکەوتنلە ئامرلی پێگەی سیاسی حەشدی شەعبی لە ناوخۆی عێراق و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بەهێز کرد، بەڵام پێگە سەربازییەکانی دەوروبەری ئەو قەزایە بوون بە سەرچاوەی مەترسی بۆ هەرێم.

تا ئێستاش ئامرلی وەک بنکەیەکی جەماوەریی و سەربازیی بەهێزی حەشد لە ناوچە جێناکۆنەکان ماوەتەوە، کە هەر لەو قەزایەوە حەشد دەستی گەیشتە کەرکوک و خورماتو و دواجار لە بن دەستی کورد دەریهێنان.

پێگە سەربازییەکانی حەشد لەدەوروبەری ئامرلی وەکو یەکێک لەو سەرچاوانە لێیدەڕوانرێت، کە لێوەی درۆن و موشەک ئاراستەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

بەدرێژایی ئاڵۆزیی نێوان ئێران و ئەمەریکا پێگە سەربازییەکانی حەشد لەسنوری ئامرلی لەژێر بۆردومانی ئاسمانیدا بوون، بەهۆی جموجۆڵی گروپە چەکدارەکان لەو سنورەوە.

چەکدارەکانی ئامرلی و خورماتو کە تورکمانی شیعە مەزهەبن، زۆرجار وەکو نەیار لە هەرێم دەڕوانن و رۆڵیان هەیە لە هێرشەکانی سەر هەرێم، بەتایبەت ئەم هێزانە باڵادەستن بەسەر پێکهاتەی میحوەری باکوری عێراقی حەشدددا.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو