ڕاپۆرتێکی دیپلۆماسیی و هەواڵگیریی: موجتەبا خامنەیی بێهۆشە و لەشاری قوم لەژێر چارەسەردایە

٨ نیسان ٢٠٢٦ - ٢:٠٢ پاش نیوەڕۆ

ڕاپۆرتێکی دیپلۆماسیی و هەواڵگیریی: موجتەبا خامنەیی بێهۆشە و لەشاری قوم لەژێر چارەسەردایە

پەنجەرە

یاداشتێکی دیپلۆماسی کە پشت ئەستوورە بە هەڵسەنگاندنی هەواڵگیریی ئیسرائیل و ئەمەریکا و ڕۆژنامەی "تایمز"ـی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات موجتەبا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران بێهۆشە و لە شاری قوم چارەسەر وەردەگرێت.

یاداشتەکە پشتڕاستی کردووەتەوە خامنەیی "لە بارودۆخێکی ناجێگیردا چارەسەر وەردەگرێت و توانای بەشداریکردنی نییە لە بڕیارەکانی ئێران."

بەگوێرەی ئەو ڕۆژنامەیە، ماوەیەکە زانیاری لەسەر شوێنی کوڕەکەی خامنەیی دەست دەزگای هەواڵگیریی ئیسرائیل و ئەمەریکا کەوتووە.

یاداشتەکە بۆ یەکەمجار شوێنی ڕێبەری باڵای ئێران ئاشکرا دەکات کە لە شاری قومە کە ٨٧ میل لە باشووری تارانەوە دوورە و بەیەکێک لە شارە پیرۆزەکان لەلایەن شیعەکانەوە دادەنرێت. 

لە زانیارییەکاندا هاتووە: "موجتەبا خامنەیی لە شاری قوم چارەسەر وەردەگرێت و باری تەندروستی ناجێگیرە، ناتوانێت بەشداریی لە هیچ پرۆسەیەکی بڕیارداندا بکات."

بەپێی ئەو یاداشتە، هاوکات ئامادەکارییەکان بۆ ناشتنی تەرمی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی لە شاری قوم دەکرێت، ئەمەش دوای کوژرانی لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە ٢٨ـی شوباتدا.

یاداشتەکە ئاماژە بەوە دەکات دەزگا هەواڵگیرییەکان ئامادەکاریی دەکەن بۆ دروستکردنی مەزارگەیەکی گەورە لە قوم کە زیاتر لە گۆڕێکی تێدایە، ئەمەش بەمانای ئەوەدێت کە ئەندامانی تری خێزانەکە و ئەگەر هەیە خودی موجتەباش، شانبەشانی ڕێبەری کۆچکردوو بە خاک بسپێردرێن.

ئێران جەخت دەکاتەوە ڕێبەری نوێی وڵاتەکەی لە هەمان ئەو هێرشە ئاسمانییەدا بریندار بووە کە بووە هۆی کوژرانی باوک و خێزانەکەی. بەڵام ئەوەی گومانی زیاتر کردوە ئەوەیە کە خامنەیی کوڕ لە سەرەتای شەڕەوە تا ئێستا نەبینراوە، سەرەڕای ئەوەی لە سەرەتای مانگی ئازاردا بۆ جێگرەوەی باوکی هەڵبژێردرا.

لەو کاتەوە چەند پەیامێک لەلایەن میدیای ئێرانەوە بەناوی موجتەباوە بڵاو کراونەتەوە، لەنێویشیاندا ڤیدیۆیەک کە دواتر دەرکەوت بە ئەی ئای دروستکراوە.

سەرباری پێداگریی بەرپرسانی ئێران لەسەر ئەوەی کە ڕێبەری باڵا وڵات بەڕێوە دەبات، بەڵام ڕاپۆرتەکان ناڕوونییان تێدایە سەبارەت بە چارەنوسی موجتەبا خامنەیی، دەرنەکەوتنیشی گومانەکانی زیاتر کردووە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو