"عەقڵی ئەمنی"؛ ئێران کوژرانی سەرۆکی هەواڵگیریی سوپای پاسداران ڕادەگەیەنێت
٦ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٥١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سوپای پاسدارانی ئێران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، بە فەرمی کوژرانی لیوا (مەجید خادمی)، سەرۆکی دەزگای هەواڵیگریی سوپای پاسدارانی ڕاگەیاند. بەپێی بەیاننامە فەرمییەکان، خادمی لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا لە دەوروبەری تاران کراوەتە ئامانج.
خادمی؛ عەقڵی ئەمنی ئێران
مەجید خادمی بە یەکێک لە شارەزاترین کەسایەتییە ئەمنییەکانی ئێران لە بواری دژە سیخوڕی دادەنرا.
ناوبراو لە حوزەیرانی ٢٠٢٥ـدا پۆستی سەرۆکی هەواڵگیریی سوپای پاسدارانی وەرگرت، دوای ئەوەی پێشتر سەرۆکی ڕێکخراوی پاراستنی زانیاری بوو لە وەزارەتی بەرگری ئێران.
هەڵوێستە سیاسییەکان
خادمی بەوە ناسرابوو کە هەڵوێستێکی توندی بەرامبەر وڵاتانی ڕۆژئاوا، بەتایبەت ئەمریکا و ئیسرائیل هەبوو.
ئەو هەمیشە هۆشداری دەدا لەوەی کە مەیدانی جەنگ گواستراوەتەوە بۆ ناو مێشکەکان و هێزە بیانییەکانی بەوە تۆمەتبار دەکرد کە لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیا و جەنگی دەروونییەوە، هەوڵی تێکدانی ئاسایشی ناوخۆی ئێران دەدەن.
کوژرانی خادمی لەم کاتەدا بە گورزێکی ئەمنی و سەربازیی گەورە بۆ تاران دادەنرێت، بەتایبەت کە دەزگای هەواڵگیریی سوپای پاسداران بەرپرسە لە هەستیارترین دۆسیەکانی دژە سیخوڕی و ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکان.